Haydar Karaalp
15 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2024
بەغدا - AA
باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا، بەبۆنەی ١٥ی تەمووز ڕۆژی دیموکراسیی و یەکێتیی نیشتمانییەوە لە مەزاری شەهیدانی تورکیا لە بەغدا چالاکییەکی یادکردنەوەی ڕێکخست.
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، ئانل بۆرا ئینان لە گوتارێکیدا کە لە چالاکییەکەدا پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوە کرد شەوی ١٥ی تەمووز دەستکەوتەکانی کۆمار کرانە ئامانج.
ڕاشیگەیاند: "وەک دامەزرێنەی کۆمارەکەمان ئەتاتورکی گەورە گوتی 'بۆ نیشاندانی ئەوەی گەلێک چی دەکات، متمانەدارترین ڕێبەر مێژووە'. لە کاتێکدا ئەمڕۆ یادی دیموکراسیی و یەکێتیی نیشتمانییمان دەکەینەوە، با یادی ئەو شەوە چارەنووسسازەش بکەینەوە کە تیایدا هەوڵدرا ئیرادەی نیشتمانییمان بە زەبر و ساختەکاری سەرکوت بکرێت. کەسێکی ئالوودەبوو بە ناوی فەتحوڵڵا گولەن کە ساڵانێک لەلایەن هێزە ئیمپریالیستەکانەوە گەورە کرا، هەوڵیدا لە ڕێگەی بریکارە ناوخۆییەکانیەوە دەست بەسەر دامەزراوە دیموکراسییەکانماندا بگرێت و بەهاکانی کۆمارەکەمان بکاتە ئامانج".
ئینان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی فەتۆ دزەی کردە ناو سوپای شکۆمەندی تورکیاوە و، لە ڕێگەی بەکارهێنانی درێژکراوەکانیەوە هەوڵیدا دژی ئیرادەی نیشتمانیی بوەستێتەوە و، سەرۆکایەتی کۆمار، سوپا، پەرلەمان، یەکەکانی ئاسایش و هەواڵگریی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کردە ئامانج.
گوتیشی: "لە سایەی دانایی دامەزراوە کۆمارییەکانمان و پێداگریی گەلەکەمانەوە فەتۆ نەیتوانی بە ئامانجەکەی بگات. گەلی تورکیا نیشانی هەموو جیهانی دا کە هێزێک ناناسێت لەسەرو ئیرادەی خۆیەوە و ئامادەیە گیانی خۆی بکاتە فیدای پاراستنی دەوڵەت و دەستکەوتە دیموکراسییەکەی".
لە دوای چالاکییەکە ئینان تاچە گوڵینەی لەسەر مەزاری شەهیدانی تورکیا دانا و، نزای بۆ شەهیدەکان کرد.
لەو چالاکییەدا لە پاڵ کارمەندانی باڵیۆزخانەکە هاوکات کۆمەڵگەی تورکمانی عێراق بەشداریان کرد.