Rewa Mahmood Hasan
28 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2021
سلێمانی - AA
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی بەرگرتن لە کڕین، فرۆشتن و مامەڵەکردن به هەرجۆرە شوێنەوارێکی مێژوویی و بەنرخ، باندێکی دزینی شوێنەوار دەستگیرا و دەستبەسەر دوو پەرتووکی کۆنی بەنرخدا گیرا.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئاسایشی سلێمانی بڵاوی کردۆتەوە ئاماژە بەوە دراوە کە لە درێژەی کار و چالاکییەکانی هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لە رۆژی ١٧ی حوزەیراندا و پاش کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، توانیویانە باندێکی پێنج کەسی دزینی شوێنەوار دەستگیربکەن کە مامەڵەیان بە چەند پاشماوەیەکی دێرینەوە کردبوو.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە ناوی ئەو کەسانە کراوە کە هەڵساون بە دزینی ئەو پاشماوانە و هاتووە ''باندە پێنج کەسیەکە بەناوەکانی (ٲ .ٲ. ٲ) لەدایکبووی ١٩٧٧ی پارێزگای دیالەیەو بەڕەگەز عەرەبە ، (ھ. ڕ. ڕ) لەدایکبووی ١٩٨٦ سلێمانی ، (ڕ. ڕ. م) لەدایکبووی ١٩٦٥ سلێمانی، (ک. ف. م) لەدایکبووی ١٩٨١ هەولێر و (ٲ.ک. ع) لەدایکبووی ١٩٨١ سلێمانی".
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەو پێنج کەسە بەتۆمەتی دزین و مامەڵەکردن بەدوو پەرتووکی کۆنەوە دەستگیرکراون کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا و نرخەکەیان دەیان هەزار دۆلارە".
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو پەرتووکەکان تایبەتن بە هەردوو ئایینی (جوولەکە و مەسیحی) بەناوەکانی (تەورات+ئینجیل) لەسەرپێست و بە ئاوی زێڕ نووسراوون، تۆمەتباران لە خوارووی عێراقەوە پەرتوکەکانیان هێناوەتە ناو شاری سلێمانی و ویستویانە رەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی بکەن.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە کە سەرجەم باندەکە بەپێی ماددەی (٦٠)ی شوێنەوار دەستگیرکراون، دەست بەسەر پەرتووکەکاندا گیراوە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامه.