23 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2024
ھەولێر ــ AA
لە چوار پارێزگای عێراق، ٣٩ کەس کە خۆیان وەک ئەندامی "گرووپی قوربانییەکان" ناساندووە، لەلایەن ھێزەکانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستگیرکران.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەی دواوە کە ھێزەکانیان لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای واست، چوار ئەندامی "گرووپێکی لەیاسادەرچوو"یان بەناوی " گرووپی قوربانییەکان"، دەستگیرکردووە.
باسی لەوەش کردووە کە چوار کەسەکە لە خێوەتێکی بچووکدا لە نزیک کاروانی خزمەتکردنی زیارەتکارانی عاشوورا دەستگیرکراون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە چوار کەسەکە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، وێنەی کەسێکیان پێبووە کە پێشتر ئەندامی گرووپە لەیاسادەرچووەکە بووە و خۆی کۆشتووە.
ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە دوای لێکۆڵینەوەکان، دەستگیرکراوەکان دانیان بەوەدا ناوە کە ئەندامی "گرووپی قوربانییەکانن" و سەرقاڵی ئەوەبوون رێوڕەسمە توندئاژۆکانی خۆیان جێبەجێبکەن لە رێگای ئەنجامدانی تیروپشک بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسەی کە دەبێت خۆی بکوژێت.
ڕاشیگەیاندووە کە ھەر لەو چوارچێوەیەدا، ھێزەکانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە میانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆندا لە پارێزگاکانی بەسرە، موسەننا و دیوانیە، ٣٥ ئەندامی دیکەی "گرووپی قوربانییەکانیان" دەستگیر کردووە.
گرووپی قوربانییەکان ساڵی ٢٠٢٢ لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق سەری ھەڵداوە و وەک وەک خۆیان دەڵێن لە ڕێگەی خۆکوشتنەوە لەپێناو ئیمامی عەلیدا، خۆیان دەکەنە قوربانی.
ئەوەش لە کاتێدایە لە دەستووری عێراقدا، سەرھەڵدانی ئەو جۆرە گرووپانە بە تاوان دانراوە و بەپێی ماددەی ژمارە ٣٧٢ لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ ھەموارکراوە، دامەزرێنەران و ئەندامانی ئەو گرووپانە، بە زیندانیکردنی ھەتاھەتایی یان لەسێدارەدان سزا دەدرێن.