Heman Hussein Yaseen
20 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2021
ههولێر - AA
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ھەولێر نەریمان فازڵ بڵاویکردووەتەوە کە لەماوەی پێنج رۆژی رابردوودا ٧٥ ھەزار و ٥٦٩ گەشتیار سەردانی ھەولێریان کردووە تەنھا لە بازگەکان کە گەشتیاری ناوەراست و خوارووی عێراقن و پێشبینیش دەکەین لە رۆژانی جەژن ئەو رێژەیە زۆر بەرزببێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری ھەولێر لەگشت بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزار لە قەزا و ناحییەکان لە سنووری پارێزگای ھەولێر چەند لیژنەیەکی تایبەتیان پێکھێناوە، بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان بۆ دڵنیابوون لە کردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە رووی گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی قوربان.ھەروەھا لیژنەیەکی تایبەتیش لەبازگەکان ھەیە بۆ پێشوازی و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بەگەشتیاران.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ھەولێر نەریمان فازڵ، بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزار لە قەزا و ناحییەکان ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردنی گەشتیاران کراوە و رەچاوی بەرزبوونەوەی ژمارەی گەشتیارانیش کراوە، لەبەر ئەوەی لە پارێزگای ھەولێر ٤٠ ھەزار تەختی نووستن ھەیە و زیاتر لە ٣ ھەزار کەپری گەشتیاریی لە سنووری قەزا و ناحییەکانی پارێزگای ھەولێر ھەیە.