Rewa Mahmood Hasan
25 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2022
سلێمانی - AA
بایکۆتی دەوام لە زانکۆکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و چەرمۆ درێژەی هەیە و مامۆستایان بەرپرسیارێتی فەوتانی ساڵێکی خوێندن دەخەنە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان.
ستافی ناڕازی زانکۆی سلێمانی کە سەرپەرشتی بایکۆت و ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و چەرمۆ دەکەن رایانگەیاند کە ئەوان بەردەوام دەبن لە بایکۆتی دەوام و بەرپرسیارێتی فەوتانی ساڵێکی خوێندن دەخەنە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان.
ستافەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە داوە "پاش هەشت ساڵ قەیرانی دروستکراوی دارایی، نزیکەی ٣٠ مووچەی فەرمانبەری وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان پاشەکەوت کراوە و هەشت ساڵیشە پلە بەرزکردنەوەی مووچەخۆران بە نایاسایی وەستێنراوە. سەرباری زیادکردن و بەرزکردنەوەی نرخی چەندین جۆر باج و رسومات لە فەرمانگە جیاوازەکاندا. لەئێستاشدا، کاریگەرییە خراپەکانی ئەم قەیرانە رەگ و ریشەی لە کۆمەڵگەدا داکوتاوە. مەترسیدارترینیان تاوانی یەکترکوشتنی کەسە نزیکە خێزانییەکانە کە تاوانگەلێکی نامۆن بە کۆمەڵگای کورەدەواریی".
ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە ناڕازییانە لە راگەیەندراوەکەیاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە "لە ماوەی قەیرانەکەدا، چین و توێژە جیاوازەکان، خۆڕسکانە و بەشێوازی مەدەنییانەی هەمەجۆر داوای مافە رەوا زەوتکراوەکانی خۆیانیان کردووە و ئاشکرای دەکەن کە بۆ نزیکەی مانگێکیش دەبێت، مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی ئیدارەی سلێمانی و دەورووبەری، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە جارێکی تر لە هەڵوێستێکی کاری پێکەوەییدا ناڕەزایەتی خۆیان لە بایکۆتکردنی دەوام، خۆپیشاندان، بەیاننامە، چالاکی میدیایی و داواکاریدا دەربڕن، بەڵام تاوەکو ئێستا دەسەڵات وەڵامی داواکارییە هەنووکەییەکانی نەداوەتەوە".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەو ناڕازاییانە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوام دەبن لە بایکۆتی دەوام و رایانگەیاندووە "بەهۆی ئەو گوێنەدانە بە داواکارییەکانمان، بەرپرسیارێتی کاریگەرییە نەرێنییەکانی دواکەوتنی دەوام، تەنانەت فەوتانیشی، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کەمتەرخەمن لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانماندا. هەربۆیە لە چاوەڕوانی وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، بەردەوامی بە چالاکییە مەدەنییەکانمان دەدەین و رۆژی شممەی داهاتوو ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٢ دوا هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین".