Zana Natık Kerem
22 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی داوای لە هێزە سیاسییەكان كرد كە لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان رێكبكەون تا بتواندرێت هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت.
محەمەد حەلبوسی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی "تەواوكردنی بازنەی هەڵبژاردنەکان بووەتە ناچاری بۆ ئەوەی یاسایەكی دادپەروەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت پەسەند بكرێت كە خواستی گەل بەدی بهێنێت".
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی داوای لە فراكسیۆنەكان كردووە كە لە دانیشتنی رۆژی شەممەی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەبن، چونكە یەكێك لە خاڵەکانی كارنامەی دانیشتنەكە، تایبەت دەبێت بە تەواوكردنی بازنەی هەڵبژاردن.
لەئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت پرۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردنەكانە كە لە ساڵی رابردووەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە بە تایبەتیش فرەبازنەیی، تا ئێستا پەسەند نەكراوە.
پێشتر سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكرد و بەلێنی ئەوەی دا كار بكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی نیودەوڵەتییدا بەڕێوەبچێت.