Hawkar Yaseen
15 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی هێرشەکەی سەر هەولێر بە کردەوەی تیرۆریستیی ناودەبات و بڕیاریدا دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر دەستپێبکات.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسوڵ لە راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق مستەفا کازمی، بڕیاریداوە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە پەلامارەکەی هەولێر و ناوچەکانی دیکە بکرێت".
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راشیگەیاندووە، "سەرۆکوەزیران دووپاتیکردووەتەوە ئاسایشی عێراق بەرپرسیاریێتی حکوومەت و تەواوی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە، ئامانج لەو کردەوە تیرۆریستییەش کە لە مانگی رەمەزاندا کراوە تێکدانی ئاسایشە، هەندێک هەوڵدەدەن پشێوی دروست بکەن و ئاسایش و سەقامگیری تێکبدەن کە ئەمەش کارێکە رەتدەکرێتەوە و رووبەڕووی هێزی یاسا و هاوشانی گەلی عێراقی دەبێتەوە".