Sarmand Hameed
14 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمى و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت تاوتوێی پڕۆسەى هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان کرد کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، مستەفا کازمى پێشوازیی لە جێنین ھێنیس پلاسخارت کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە میانی دیدارەکەدا، تاوتوێی پڕۆسەى هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو لەگەڵ هەنگاوەکانی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە کراوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمى سوپاس و ستایشی پشتیوانییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ رۆڵی چاودێری نێودەوڵەتیی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کردووە.
لای خۆیەوە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت پیرۆزبایی لە مستەفا کازمى کردووە بە بۆنەى سەرکەوتنى هەڵبژاردنەوە، هەروەها ستایشى پلانى لۆجیستى و ئەمنیى حکوومەتى عێراقی کردووە لەو بارەیەوە.
پلاسخارت جەختی لەوەش کردووەتەوە کە نەتەوەیەکگرتووەکان لایەنێکى پاڵپشتیکار دەبێت بۆ رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەپێناو دەرچوونی ئەنجامى راستگۆیانەی هەڵبژاردن کە رەنگدانەوەى ئیرادەى دەنگدەرانی عێراقی بێت.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دیارییکردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.