Sarmand Hameed
20 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2021
هەولێر - AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای کاراکردنەوەی دەستەی ریشەکێشکردنی بەعسی کرد.
موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا کە لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، نووسیوویەتی "کاتێک لەسەر شاشەکان یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چاودێری ھەواڵەکان دەکەم، دەبینم دەنگی بەعسی سەدامی لەبەرزبوونەوەدایە".
موقتەدا سەدر راشیگەیاندووە "لەلایەک ھەست بەتووڕەیی دەکەم و لەلایەکی دیکەوە ھەست بە دڵتەنگی دەکەم بۆ ئەو دۆخەی عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت".
سەرکردەی رەوتی سەدر لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت: "لێرەوە وەک ھەنگاوی یەکەم دەبێت شەرفمەندان لە پەرلەمان و حکوومەت رۆڵی دەستەی ریشەکێشکردنی بەعسی تیرۆریست وقەدەغەکراو کارابکەنەوە نەک دەستەی لێپرسینەوە ودادپەروەری".
موقتەدا سەدر ھۆشداریی داوە لەوەی کە ئەگەر ئەو ھەنگاوە نەنرێت ئەوەی لەسەر شانیانە دەیکەن بۆ کۆتاییھێنان بەو دەنگانە.
موقتەدا سەدر جەختیکردووەتەوە کە بەعسییەکان ئەگەر لەژێر بەرگی دیکەیشدا بێت ئەوا شوێنیان لە عێراقدا نابێتەوە.
سەرکردەی رەوتی سەدر راشیگەیاند، ھێشتا کوشتارگە و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بڕینی گوێ و دەست و کوشتنی زانایانیان لەبیرنەکردووە کە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق ئەنجامدران.
ئەم پەیامەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا، رەغد سەدام حوسێن، کچی سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراق و سەرۆکی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە، سەدام حوسێن لە دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنییدا خواستی خۆی بۆ ھاتنەناو پرۆسەی سیاسیی لە عێراق نیشاندا.