Heman Hussein Yaseen
09 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی (سەبارەت بەرێککەوتننامەی شنگال) رایگەیاند "ئێمە چاوەڕوانین کە ئەو رێککەوتننامەیە جێبەجێ بکرێت. بە داخەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، ھەندێک جار دەبینین کە قسەی لەسەر دەکرێت، گوایە ھەندێک ھەنگاوی پێویست نراوە، ئەوەی بینیمان ھەندێک لە ھێزە عێراقییەکان بەرەو ناوچەکان ھاتوون، بەڵام بۆ دەرکردنی ئەو ھێزە چەکدارانەی کە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستانن یان پەکەکە یان سەربە پەکەکەن، بە ھیچ شێوەیەک لە شنگال دەرنەچوون، تەنھا بۆ چەند کاتژمێرێکی دیاریکراو بارەگاکانیان بە جێھێشت دواتر بە جلوبەرگێکی ترەوە گەڕاونەتەوە. لە ھەمانکاتیشدا تەنانەت ژمارەی ئەو چەکدارانە لە شنگال زیاد بووە، چونکە ژمارەیەکیان لە سووریاوە ھێناوەتەوە لە چەند رۆژی رابردوو. ئێمە چاودێری دۆخەکە دەکەین".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە بارەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ھەرێم رایگەیاند "پیلانێک ھەیە بۆ تێکدانی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و بچووککردنەوەی".
مەسرور بارزانی گوتی: "خەڵکانێک خزاونەتە ناو خۆپشاندەران و ئاراستەکەیان گۆڕیوە و پەلاماری بنکە و بارەگا حکوومی و حزبییەکان دراوە، ئەوە شێوازی داواکاردنی ماف و مووچە نییە".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "بۆ پرسی رووداوەکانی ئەم دواییانەی ھەرێمی کوردستان و پرسی دانوستانی نێوان ھەرێم و بەغدا لە ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووینەوە".
مەسرور بارزانی رایگەیاند: "لەگەڵ ھەموو مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستانین و پشتیوانی کە خۆپیشاندانی ئاسایی و شارستانیی خەڵک دەکەین و دەمانەوێت خەڵک ئازاد بن لە دەربڕینی را و بۆچوونی خۆیان. ئەوە بینیمان بە داخەوە خەڵک لە دۆخێکی ناخۆشدا دەژین و ئێمەش بەشێکین لەوان. ھەموو کەس مافی خۆیەتی باس لە داواکارییەکانی خۆیان بکەن، بەڵام ئەوەی لەم چەند رۆژە گۆڕا و ئسیتغلالی خۆپیشاندانیان کرد و کردیان بە توندو تیژی".