14 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە بۆ دوو مانگ سووتەمەنی بێ بەرامبەر بەسەر مولیدە ئەهلییەكاندا دابەش بكرێت، بەڵام بەو مەرجەی خاوەن مولیدە ئەهلییەكان نرخی كرێی كارەبا كەم بكەنەوە.
لەمبارەیەوە ئەندامی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سادق حەمید حەسەن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ دوو مانگ سووتەمەنی بێ بەرامبەر بەسەر مولیدە ئەهلییەكاندا دابەش دەكرێت و لە بەرامبەردا، خاوەن مولیدە ئەهلییەكان نرخی كارەبا كەم دەكەنەوە".
گوتیشی: "لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، دووبارە چاو بە نرخی كرێی كارەبای مولیدە ئەهلییەكاندا دەخشێندرێتەوە، بەتایبەتیش كە ئێستا وڵات بە رەوشێكی خراپی ئابووریدا تێپەڕدەبێت كە كاریگەریی لەسەر هاووڵاتییان دروستكردووە".
ئاماژەی بەوەیش دا كە ئامانج لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، كەمكردنەوەی فشاری ئابوورییە لەسەر هاووڵاتییان و گوتی:
"لە هەر پارێزگایەك لیژنەیەك پێكدەهێندرێت بۆ ئەوەی چاودێری كەمكردنەوەی نرخی كارەبای مولیدە ئەهلییەكان بكرێت".
دوێنێ دووشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بڕیاری دا، سەرجەم پرۆژە لەكاركەوتووەكانی كارەبا بخرێنەوەكار، هەروەها بڕیاری دا بێ بەرامبەر بۆ دوو مانگ سووتەمەنی بەسەر موەلیدە ئەهلییەكاندا دابەش بكرێت.