Zana Natık Kerem
02 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی سەردانەكەی بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆكی رەوتی حكیمەی نیشتمانیی، عەممار حەكیم كۆبووە.
ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا، دۆخی عێراق و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەگەڵ گفتوگۆ و هەنگاوەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال خراونەتە بەرباس و لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی لە پێكهێنەرانی هاوپەیمانیی عێراقیون كردووە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستون.
ئاماژەی بەوەیش داوە كە لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی هەبوونی ئیرادەی سیاسی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی وڵات و هاوكاری و كاری پێكەوەیی لەنێوان لایەنە نیشتمانییە عێراقییەكاندا بۆ ئەوەی پێكەوە بە روانینێكی نوێ بۆ داهاتوو هەنگاو بنێن، رووبەڕووی تەحەدییەكان ببنەوە و وڵات لە كێشە و قەیرانەكان دەرباز بكەن.
لە كۆبوونەوەكەدا كە جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرۆسەی سیاسیی عێراق و گرنگیی بەشداری و هاوبەشیی پێكهاتە عێراقییەكان تیایدا، پاراستنی یاسا و سەروەریی وڵات، پابەندبوون بە دەستوور و سیستمی فیدرالییەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری لە عێراق و چەند پرسێكی دی باس كراون و بیروڕایان لەبارەیەوە ئاڵوگۆڕ كراوە.