Sarmand Hameed
26 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2021
هەولێر - AA
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) رایگەیاند، تەنها لێپێچینەوە دەتوانێت پێش بەو هێرشە کارەساتبارانە بگرێت کە چالاکوانە سیاسی و مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج.
یونامی بەهۆی خۆپیشاندانەکانی شاری بەغدا پایتەختی عێراق، کە دژبە کوشتنی رۆژنامەوانان و چالاکوانانی بەڕێوەچوو، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە هەرسێ زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە "تەنها لێپێچینەوە دەتوانێت پێش بەو هێرشە کارەساتبارانە بگرێت کە چالاکوانە سیاسی و مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە "رەنگە ئەنجامدەران وابزانن کە توانیوویانە دەنگەکان کپ بکەن بەڵام بەپێچەوانەوە دەنگەکان دلێرتر دەبن".
لە کۆتایی پەیامەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە "لێپێچینەوە کلیلی سەقامگیریی عێراقە و خەڵکی عێراقیش مافی ئەوەیان هەیە کە بزانن".
لە میانی خۆپیشاندانی رۆژی سێشەممە کە لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی شاری بەغدا لەژێر ناوی (کێ منی کوشتووە) بەڕێوەچوو و ناوی خۆپیشاندانەکەیش ٢٥ی ئایاری لێ نراوە، خۆپیشاندەرێک بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا و ژمارەیەکی دیکە برینداربوون.