Bekir Aydoğan
26 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2022
هه‌ولێر-AA
له چوارچێوه‌ی "پرۆژه‌ی رۆژنامه‌وانیی بۆ لاوان"دا، دامه‌زراوه‌ی رادیۆ و ته‌له‌ڤیزیۆنی توركیا (ته‌ره‌ته)، راهێنانی له‌سه‌ر رۆژنامه‌وانیی دیجیتاڵی به خوێندكارانی خوێندنگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی مه‌عاریف كرد له هه‌ولێر.
دوای ته‌واوبوونی "ۆركشۆپی رۆژنامه‌وانیی دیجیتاڵی" كه له‌لایه‌ن تیمی "پرۆژه‌ی رۆژنامه‌وانیی بۆ لاوان" له ته‌ره‌ته، له خوێندنگه‌ی مه‌عاریف سازكرا و ماوه‌ی سێ رۆژی خایاند، رێوڕه‌سمی به‌خشینی بڕوانامه به‌سه‌ر به‌شداربوواندا رێكخرا.
له رێوڕه‌سمه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌قفی مه‌عاریفی توركیا، ئیپه‌ك جۆشكون، نوێنه‌ری وه‌قفی مه‌عاریفی توركیا له عێراق، ئه‌حمه‌د زه‌كی ئۆڵاش، تیمی ته‌ره‌ته، خوێندكاران و مامۆستایان ئاماده‌بوون.
بڕوانامه به‌خشرایه ٦٠ خوێندكار كه له ۆركشۆپی رۆژنامه‌وانیی دیجیتاڵییدا به‌شدارییان كردبوو، و خه‌ڵات به‌سه‌ر ئه‌وانه‌شدا كه سه‌ركه‌وتوو بوون دابه‌شكرا.
له لێدوانێكدا بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئۆزگور تۆماكین له دێسكی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له كه‌ناڵی TRT World، ئاماژه‌ی به‌وه كرد راهێنانه‌كان له‌سه‌ر چوار وانه‌ی جیاوازی سه‌ره‌كی ئه‌نجامدراون كه بریتین له هه‌ریه‌ك له، ده‌روازه‌ی رۆژنامه‌وانیی، رۆژنامه‌وانیی مه‌یدانیی، رۆژنامه‌وانیی مۆبایل و دیجیتاڵ و گه‌یاندنی چیرۆك.
ئۆزگور تۆماكین رایگه‌یاند: "له‌دوای راهێنانه‌كان ماوه‌ی رۆژێك مۆڵه‌تمان دایه لاوه‌كان. به درێژایی ئه‌و رۆژه، به سه‌رپه‌رشتی ئێمه، داوامان لێ كردن چیرۆكی خۆیانمان له روانگه‌ی و دیدگای خۆیانه‌وه بۆ بگێڕنه‌وه. به‌وشێوه‌یه‌ش پرۆژی زۆر جوان هاتنه بوون. چاوه‌ڕوانین له‌رێگه‌ی ئه‌م راهێنانه‌وه بتوانن له داهاتوودا له‌رێگه‌ی چاو و روانگه‌ی خۆیانه‌وه شته‌كان بگێڕنه‌وه و دیدگایه‌كی خۆیان له رۆژنامه‌وانیی پێشكه‌ش بكه‌ن".
- "له ماوه‌ی چوار ساڵدا راهێنانمان به زیاتر له هه‌زار و ٧٥٠ خوێندكار كردووه"
لای خۆیه‌وه هه‌ماهه‌نگیكاری "پرۆژه‌ی رۆژنامه‌وانیی بۆ لاوان"، نه‌سلیهان ئۆزتورك، ئاماژه‌ی به‌وه كرد ۆركشۆپهكانی رۆژنامه‌وانیی دیجیتاڵی یه‌كێكه له‌و پرۆژانه‌ی كه ته‌ره‌ته له ژێر ناونیشانی هۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تییدا به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
نه‌سلیهان ئۆزتورك باسی له‌وه‌ش كرد پرۆژه‌ی جۆراوجۆر لەو بواره‌دا هه‌ن به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م پرۆژه‌یه بریتییه له‌وه‌ی چالاكییه‌كه كه رۆژنامه‌وانه خۆبه‌خشه‌كانی ته‌ره‌ته له‌ڕووی مه‌یدانییه‌وه به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن.
ئۆزتورك رایگه‌یاند: "به‌رده‌وام گوێمان له هه‌واڵی په‌نابه‌ران ده‌گرت. گوێمان بۆ چیرۆكه‌كانیان كه كه‌سانی تر ده‌یانگێڕایه‌وه، راده‌دێرا. ئه‌م پرۆژه‌یه له شوێنێكدا ده‌ستی پێكرد كه گوتمان با بچین بۆ لایان، راهێنانیان پێ بكه‌ین، بزانین ئه‌وان به چ شێوه‌یه‌ك چیرۆكه‌كانیان ده‌گێڕنه‌وه. به‌ڵام دواتر له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، زۆر دامه‌زراوه بوونه خوازیار و داواكاری پرۆژه‌كه. هه‌ر بۆیه له ماوه‌ی چوار ساڵدا راهێنانمان به زیاتر له هه‌زار و ٧٥٠ خوێندكار كردووه، به‌وانه‌ی كه لێره راهێنانمان پێ كردوون".