Sarmand Hameed
16 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەبارەی پرسی زینوی وەرتێ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بە پێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان، ماف و دەسەڵاتی تەواوی ئەوەیان ھەیە بۆ ھەر ناوچە و جێگەیەکی سنووری ھەرێم، جوڵە و جێگۆڕکێ بەھێزەکانی پێشمەرگە بکەن.
وەزارەتی پێشمەرگەی داوای کردووە کە ھیچ تەفسیرێکی سیاسیی ھەڵە بۆ ئەو بابەتە نەکرێت.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، "پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان، ئەرکی ھێزەکانی پێشمەرگەیە و لەئێستاشدا لەبەرامبەر باری ناھەمواری خەڵک و میللەتەکەمان، پێویست دەکات ھەمووان بەگیانی لێپرسراوێتی و لەخۆبردووییەوە ھەنگاو بنێین بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە".
وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاندووە "ناکرێ لە ئەنجامی بێ متمانەیی لایەنەکان و گەورەکردنی بابەتگەلێکی بچووک میللەتەکەمان زیان و باجی قورس بدات".
وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوەکردووەتەوە کە وەک ھەمیشە، ھەوڵەکانیان خستۆتەگەڕ بۆ خاوکردنەوەی دۆخەکە و بەردەوامیش دەبن، کە ھەنگاوەکانمان بەشێک دەبێت لەچارەسەر، نەک تەشەنەسەندنی زیاتری کێشەکە.
دوای ناردنی فەوجێکی لیوای ٧ ی پیادە وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری رابردوو و بەدوای ئەوانیشدا چوونی هێزێکی سەر بە یەکەی ٧٠ ھێزی ١٢٢ و جێگیرکردنیان لە زینی وەرتێ، چەکدارانی پەکەکە چوونە ئەو ناوچەیە و لە ناو تاوەرێکی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن بارەگایان دانا.