Zana Natık Kerem
05 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2023
ھەولێر – AA
وەزیری دەرەوەی پاکستان، بیلاوال بۆتۆ زارداری گەیشتە بەغدا و بڕیارە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی عێراق ئەنجام بدات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، بیلاوال بۆتۆ زارداری بەسەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە بەغدا.
راشیگەیاندووە کە وەزیری دەرەوەی پاکستان، بیلاوال بۆتۆ زارداری لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کۆدەبێتەوە لە میانیدا دوو یاداشتنامە لەنێوان ھەردوو وڵاتدا واژوو دەکەن کە یەکێکیان تایبەتە بە ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانەی کە ھەڵگری رەگەزنامەی دیپلۆماسیین و ئەوەی دیکەیش تایبەتە بە ھاریکاریی نێوان عێراق و پاکستان لە بواری رۆشنبیری.
چاوەڕان دەکرێت وەزیری دەرەوەی پاکستان، بیلاوال بۆتۆ زارداری لە میانی سەردانەکەی بەغدا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی دیکەی عێراق ئەنجام بدات.