Halo Mohammed Ibrahim
28 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2022
سلێمانی - AA
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل رایگەیاند، جموجۆڵی داعش لەو سنوورانە کەمتر بووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگەی لێ ئەنجامدراوە و چەند لیژنەیەکیشیان بۆ رێکخستنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە پێکهێناوە.
شۆڕش ئیسماعیل بە یاوەری ژمارەیەک پلەدار و فەرماندەی هێزی پێشمەرگە، سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە گەرمیان بەسەرکردەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا لە سنووری کفری قسەی بۆ میدیاکاران کرد.
وەزیری پێشمەرگە گوتی: "دوای ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگە لە گەرمیان، جموجۆڵی چەکدارانی داعش کەمتر بووە، ئومێد دەکەین ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی لەگەڵ سوپای عێراق هەمانە پتەوتری بکەین و دەرفەت بۆ داعش نەهێڵینەوە بە ئارەزووی خۆی جموجۆڵ بکات".
گوتیشی: "چەند لیژنەیەکمان دروست کردووە بۆ سەنگەرسازیی و رێکخستنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە، سەردانەکەی ئەمڕۆشمان هەر بۆ ئەوە بوو تا دڵنیا بین بەرنامەی کە بۆ رێکخستنەوەی سەنگەرەکان دامانناوە، هەروەها ئەگەر کەموکوڕی هەیە ببینین، ئەگەر لە شوێنێکیش کاری باشکراوە دەستخۆشیان لێبکەین، مەبەستمان ئەوە هیچ کەموکوڕییەک لە سەنگەرەکان نەمێنێت".
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش قسەی کرد و گوتی: "لە پڕۆسەی چاکسازیی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا، ئێستا ٢٠ لیوا لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدان، هەروەها هێزی پشتیوانی یەک و دوو سەربە وەزارەتی پێشمەرگەن، هەنگاو بە هەنگاو پڕۆسەکە جێبەجێ دەکرێت و هەموو هێزەکان دەخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".
شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو دوو لیوا هاوبەشەی کە بڕیارە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بکرێن، پێکهاتەکەیان تەواو بووە و هەماهەنگیی تەواو کراوە و گوتی:
"لیوایەکی وەزارەتی پێشمەرگە گواستراوەتەوە وەزارەتی بەرگریی عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر ئەو بابەتە داوە، ئومێد دەکەین هەرچی زووە هێزەکان لەو شوێنانە دەستبەکاربن کە ئەرکیان پێسپێردراوە".
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل ئەوەشی خستەڕوو کە پێشمەرگە لەو شوێنانە دەمێنێتەوە کە لە دەستی داعش رزگاری کردوون و گوتی: "لەمەودوا ئۆپەراسیۆنی دیکەشی دەبێت بۆ راوەدوونانی داعش لەو سنوورانە و پاراستنی خەڵکی ناوچەکە".