ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ ١٠٠ رۆژ بەسەر ئەو ڕێککەوتنە تێپەڕ دەبێت کە رۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال لەسەری رێک کەوتبوون.
دوای گشتپرسی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا، و لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، شنگال لە پاڵ کۆمەڵێک ناوچەی جێناکۆکی نێوان ھەرێم و بەغدا، کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی نایاسایی و ھێزەکانی حەشدی شەعبی.
دانیشتوانی شنگال کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارەبووبوون، داوایان دەکرد کە ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆل بکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
ئەگەرچی رێککەوتنەکە هەر ئەو کاتە سیفەتی بەپەلەی پێدرا بۆ جێبەجێکردنی بەڵام بە کردەوە دوای ٩٠ رۆژ دەبێندرێت رێکەوتنەکە بە سستی جێبەجێدەکرێت و بەربەست و ئاستەنگەکانی کە هەر لە سەرەتاوە پێشبینی بۆ دەکرا، بوونەتە کۆسپ لەبەردەم جێبەجێکردنی یەکجارەکی رێککەوتنەکە.
ئەوە دەرکەوت کە سەرەڕای پشتیوانی تەواوی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەروەها لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش پشتیوانی ئەمریکا و تورکیا و لەگەڵ ئەوەشدا هەڵوێستی جێی بایەخی یەکێتیی ئەورووپا کە خوازیاری بەپەلە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بوو، بەڵام دیسان رێککەوتنەکە هەست دەکرێت وەک پێویست جێبەجێ نەکرا. ئەوە لە کاتێکدابوو کە لە پاڵ پشتیوانی هەموو ئەو لایەنانە لە رێککەوتنەکە، نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەشێک بوون لە جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە و لەسەر ئاستی کەسی یەکەمیان لە عێراق بەشدارییان لە کۆبوونەوەکان دەکرد.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.
چاوەڕوان دەکرا واژووکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەموار لە کەمپەکاندا دەژین.
ــ نیگەرانییەکان سەبارەت بە چۆلنەکردنی شنگال لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە
چالاکوانانی شنگال رایدەگەیەنن کە سەرباری رێککەوتنەکەی نێوان ھەولێر و بەغدا، بەڵام ھێشتا گرووپە چەکدارەکان شنگالیان جێ نەھێشتووە.
ئەو چالاکوانانە ئاماژە بەوە دەکەن کە راستە ژمارەیەک بارەگای گرووپە چەکدارەکان لە ناوەڕاستی شنگال داخراون، بەڵام ھێشتا ناکۆکییەکان نێوان پێکھاتەکانی دانیشتوی شنگال بەردەوامە و ھیچ ھەوڵێک بۆ ئاشتەوایی و نزیکبوونەوەی پێکھاتەکان نەدراوە.
رێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کە جەخت لەسەر دەرکردنی گرووپە چەکدارەکان لە شنگال و دوورخستنەوەی لە ناوەندی شارۆچکەکە دەکاتەوە، نەخشە رێگایەکی ستراتیجییە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
بەڵام ئەو پرسە وەک لە رێکەوتنەکەدا هاتووە تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و نە گرووپەکان بە تەواوی شنگالیان چۆل کردووە و نە ئاوارەکانی رێگەی گەڕانەوەیان بۆ خۆش کراوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە رۆژی ٩ی کانوونی یەکەم و دوو مانگ دوای واژووکردنی رێکەوتنەکە رایگەیاند کە رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە و گوتی: "ئێمە چاوەڕوانین کە ئەو رێککەوتننامەیە جێبەجێ بکرێت. بە داخەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، ھەندێک جار دەبینین کە قسەی لەسەر دەکرێت، گوایە ھەندێک ھەنگاوی پێویست نراوە، ئەوەی بینیمان ھەندێک لە ھێزە عێراقییەکان بەرەو ناوچەکان ھاتوون، بەڵام بۆ دەرکردنی ئەو ھێزە چەکدارانەی کە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستانن یان پەکەکە یان سەربە پەکەکەن، بە ھیچ شێوەیەک لە شنگال دەرنەچوون".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "تەنھا بۆ چەند کاتژمێرێکی دیاریکراو بارەگاکانیان بە جێھێشت دواتر بە جلوبەرگێکی ترەوە گەڕاونەتەوە. لە ھەمانکاتیشدا تەنانەت ژمارەی ئەو چەکدارانە لە شنگال زیاد بووە، چونکە ژمارەیەکیان لە سووریاوە ھێناوەتەوە لە چەند رۆژی رابردوو. ئێمە چاودێری دۆخەکە دەکەین".
ــ ئومێدی گەڕانەوەی ئاوارەکان و تەحەدییەکان
ئاوارەکانی شنگال رایدەگەیەنن کە رێککەوتنەکەی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق، بووەتە ئومیدێک بۆ ئەوان تا بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێد خۆیان.
ئەوان بڕیاریانداوە دوای شەش ساڵ لە ژیانی ئاوارەیی بگەڕێینەوە سەر زێد خۆیان لە شنگال.
ئاماژە بەوەیش دەکەن کە تا چەند لەژیانی ئاوارەییدا بن، بەڵام لە کۆتاییدا ھەر دەبێت بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و چونکە وەک خۆیان گوتوویانە: "دەبێت گرووپە چەکدارەکان شنگال جێ بھێڵن، کەشێکی ئارامیش بۆ دانیشتوانی ناوچەکە فەرام بکرێت".
بەپێی زانیارییەکان، بەم دواییانە، ٥٠٠ خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە گوند و ناوچەکانی باشووری قەزای شنگال، بەڵام ئەو ئاوارە گەڕاوانە لەئێستادا پێویستیان بەوەیە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانیان بۆ دابین بکرێت تا بتوانن دووبارە دەست بە ژیان بکەنەوە.
ئەگەر چی هیچ ئامارێک لە لایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە رانەگەیەندراوە بەڵام سەرچاوە نافەرمییەکان ئاشکرای دەکەن، لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ٢٤ ھەزار و ٣٢٦ خێزانی کوردی ئێزدی و شەش ھەزار و ٤٥٠ خێزانی عەرەب گەڕاونەتەوە شنگال کە بەدەست کەمی خزمەتگوزارە سەرەکییەکانەوە دەناڵێنن.
ــ بڵاوبوونەوەی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شنگال دوای رێککەوتنەکە
فەرماندە ئەمنییەکانی عێراق جەختی دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە بە رێککەوتنی شنگال، رەوشێکی نوێی لە شنگال دروست بووە کە خۆی لە دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە شنگال دەبینێتەوە.
بەپێی ئەوەی سوپای عێراق راگەیاندووە، ھێزە ئەمنییەکان لە قەزای شنگال بڵاوکراونەتەوە، بۆ ئەوەی ناوەڕاست و دەورووبەری شاری شنگال بپارێزن و جەختی لەسەر ئەوەیش کردووەتەوە کە تەنھا ئاڵای عێراق لە قەزای شنگال ھەڵدەکرێت و تەواوی قەزای شنگال تا دەگاتە سنوور لەگەڵ سووریا لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزە ئەمنییەکان ئەرکەکانیان بە باشی جێبەجێ دەکەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری شنگال و ھەوڵەکانیشان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی کەشێکی ئارام بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال برەخسێنن.
راشیگەیاندووە کە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بە ھەماھەنگیی لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا لە شنگال بۆ راییکردنی مامەڵەکانی ھاووڵاتیی دەکرێنەوە و نووسینگەی ئاوارەکان و شەھیدانیش لە شنگال دەکرێتەوە.
پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانی دووبارەکرانەوە لە قەزای شنگال کە دووبارە دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکان، بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی ژینگە و کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لەخۆدەگرێت.
لە ماوەکانی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی (سەبارەت بەرێککەوتننامەی شنگال) رایگەیاندبوو "چاوەڕوانین رێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت. بە داخەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە".
پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.
- بنەماکانی رێککەوتنی شنگال
رۆژی ٩ی تشرینی یەکەم، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن.
حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:
١- تەوەری کارگێڕی:
- دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال کە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاک بێت و بە گوێرەی رێککارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت.
- لەلایەن لیژنەیەکی ھاوبەش کە لالەیان ھەردوولاوە پێکدەھێنرێت، دوای دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا دەخشێنرێتەوە کە لەو کارەدا رەچاوی بنەما پیشەیی و یاساییەکان دەکرێت.
٢- تەوەری ئەمنی:
- تەنھا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناو شارۆچکەکە لە ئەستۆ دەگرن و، ھەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور دەخرێنەوە.
- بەھێزکردنی ئاسایش لە شارۆچکەکەدا لە رێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشیی کە لەو ھێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ بەشداریپێکردنی ئاوارەی کەمپەکان لە خەڵکی شارۆچکەکە.
- کۆتاییھێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەریدا و نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەر بەون ھیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا ھەبێت.
٣- تەوەری ئاوەدانکردنەوە:
پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا و ئاست و وردەکارییەکانی ئەرکەکەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت.
٤- بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەوەی لە تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە، لیژنەیەکی مەیدانیی ھاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەردوولا پێکدەھێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا ھاتووە.
بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە پاشکۆیەک دارێژراوە کە وردەکاریی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەخۆدەگرێت کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
١- ئەرک:
دیاریکردنی قایمقامی نوێ
لایەنی جێبەجێکار:
لیژنەی ھاوبەش
پارێزگاری نەینەوا
تێبینی:
بەپێی دەقە یاسایی و دەستوورییەکان
٢- ئەرک:
پێداچوونەوە بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکە لە شارۆچکەی شنگال
لایەنی جێبەجێکار:
لیژنەی ھاوبەش
پارێزگاری نەینەوا
قایمقام
تێبینی:
بەپێی دەقە یاسایی و دەستوورییەکان
٣- ئەرک:
بەرپرسیارێتیی ئاسایش لە ناو شارۆچکەی شنگال
لایەنی جێبەجێکار:
بەڕیوەبەرایەتیی پۆلیسی شنگال
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی
دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانی
بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان لە ھەرێمی کوردستان
٤- ئەرک:
دوورخستنەوەی ھەموو رێکخراوە چەکداری و گرووپە نایاساییەکان بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال
لایەنی جێبەجێکار:
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان
دەستەی حەشدی شەعبی
٥- دامەزراندنی دوو هەزار و ٥٠٠ کەس لە چوارچێوەی ھێزی ئاسایشی ناوخۆ لە شنگال بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
لایەنی جێبەجێکار:
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق
وەزارەتی ناوخۆی فیدڕالی
تێبینی:
هەزار کەس لە خەڵکی شنگال و ١٥٠٠ کەس لەو ئاوارانەی شارۆچکەکە کە لە کەمپەکاندان
٦- پێداچوونەوەی ئەمنی بە کاندیدانی دامەزراندنی بڕگەی ٥
لایەنی جێبەجێکار:
لیژنەی ھاوبەش
تێبینی:
نابێت ئەندامانی پەکەکە و رێکخراوەکانی بگرێتەوە
٧- کۆتاییھێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری و نابێت ئەو رێکخراوە و ئەوانەی سەر بەون ھیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا ھەبێت.
لایەنی جێبەجێکار:
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان
٨- ئەرک:
پێکھێنانی لیژنەیەکی مەیدانیی ھاوبەش بە مەبەستی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەوەی لە تەوەرەکانی کارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە
لایەنی جێبەجێکار:
لیژنەی ھاوبەش
تێبینی:
نوێنەرانی دەزگاکانی ئەمنی لە حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
٩- پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەی شنگال بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا
لایەنی جێبەجێکار:
نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
ــ ١٠٠ رۆژ دوای رێكکەوتنەکە
ئەگەرچی رێککەوتنەکە هەر ئەو کاتە سیفەتی بەپەلەی پێدرا بۆ جێبەجێکردنی بەڵام بە کردەوە دوای ٩٠ رۆژ دەبێندرێت رێکەوتنەکە بە سستی جێبەجێدەکرێت و بەربەست و ئاستەنگەکانی کە هەر لە سەرەتاوە پێشبینی بۆ دەکرا، بوونەتە کۆسپ لەبەردەم جێبەجێکردنی یەکجارەکی رێککەوتنەکە.
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو دۆخە ململانێی و ناکۆکیی نێوان ھێزەکانی سیاسی و چەکدارەکان لەگەڵ دەستوەردانەکانی دەرەکی.
ئەو روون و ئاشکرایە سەقامگیری شنگال تەنھا بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکانی نیشتەجێی کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان گرنگ نییە، بەڵکو بۆ سەقامگبیری ناوچەکە و ھەرێمیش گرنگە.
وەک لە وردەکاریی رێکەوتنەکە دەردەکەوێت، مەبەست لەو رێکەوتنە گەڕاندنەوەی دۆسیەی شنگال و پاراستنی ناوچەکە بە خودی شنگالییەکان نەک هێزە چەکدارەکان.
ئەگەرچی پاراستنی ئێزدییەکان و بەدوورگرتنی شنگال و دەورووبەری لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی عێراق بەشێکە لە ئامانجەکانی هەرێم و بەغدا بەڵام هەڵەیە ئەگەر پرسەکە تەنیا لە روانگەی ئەمنییەوە سەیر بکرێت، شنگال لە هەمانکاتدا پێویستی بە بووژانەوە هەیە. زیندووکردنەوەی هەستی برینداری خەڵکێک کە دوای کارەساتی کۆمەڵکوژییەکە و لە دەستدانی نزیکترین کەسوکاری و بە کەنیزەگرتنی ئازیزانیان، ناچار بوون زیاتر لە شەش ساڵ ژیانیان لە کەمەپەکان بەسەر ببەن. هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ سەر رێڕەوی ئاسایی ژیان لە شنگال دەبێ ئامانجی کۆتایی رێکەوتنێکی مرۆڤانە بێ لە نێوان هەموو لایەنە عێراقییەکان.
ئەوەش لە کۆتاییدا بۆ پاراستنی خودی ئێزدییەکان لە دووبارە نەبوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە ٢٠١٤ لەسەر دەستی داعش بەرامبەریان ئەنجامدرا.
news_share_descriptionsubscription_contact

