Sarmand Hameed
02 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر - AA
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر دوو پۆستە وەزارییەکەی بەغدا رێکەوتن لەسەر پڕکردنەوەی هەردوو پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان وهەروەها وەزارەتی ژینگە لە حکوومەتی عێراق.
بەگوێرەی نووسراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە رۆژی یەکی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ دەرچووە و ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە، تیایدا هەریەک لە بەنگین عەبدوڵڵا رێکانی بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان و نزار محەمەد سەعید ئامێدی بۆ پۆستی وەزارەتی ژینگە لە حکوومەتی عێراق کاندید کراون.
لای خۆیەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی داوای کردووە دەنگدان بەو دوو کاندیدە بخرێتە بەرنامەی کاری رۆژی شەممە رێکەوتی سێی کانوونی یەکەمی ئەنجوومەنەکە. هەروەها سی ڤی هەردوو کاندیدەکە بدرێتە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی دا بە ئەندامانی کابینە و بەرنامەی کاری حکوومەتی نوێی عێراق کە لە ٢٣ وەزارەت پێکهاتووە.
لەو دەنگدانەدا تەنها دەنگ بە ٢١ وەزیر درا و پشکی کورد لە کابینەکەدا کە چوار وەزارەتە، تەنها پۆستەکانی وەزارەتی دەرەوە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزارەتی داد لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پڕکرانەوە و هەریەک لە فوئاد حوسێن و خالید شوان ئەو دوو پۆستەیان وەرگرت.
پارتی دیموکراتی کوردستان پێداگریی دەکرد لە وەرگرتنی هەردوو پۆستە وەزارییەکەی دیکە و لە بەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سوور بوو لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ژینگە.
دوای رێکەوتنی پارتی و یەکێتیی لەسەر ئەم دوو پۆستە وەزارییە کە پارتی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان و یەکێتیی پۆستی وەزارەتی ژینگە وەردەگرێت، لە بەرامبەردا بڕیارە پارتی پۆستی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدییەکان وەربگرێت.
بەنگین رێکانی کە كاندیدی پارتی دیموکرتی کوردستانە بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان، لە کابینەی حکوومەتی پێشووتری عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی لە هەمان پۆستدا بوو، لە بەرامبەردا نزار ئامێدی لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرکۆماری عێراقە.