Rawan Subhi Obaiullah
28 تەمووز 2025•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2025
دھۆک - AA
پارێزگای دھۆک، عەلی تەتەر کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی، بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و بەرپرسی سەندیکا پەیوەندیدارەکان ئەنجامدا و تێیدا باسی لە ڕەوشی بازاڕ و تابلۆی فەرمانگەکان، شوێنە گشتییەکان، ئەو زمان و ڕێنووسەی کە تابلۆکانی پێ نووسراوە کراوە.
لەبارەی ھەڵمەتی گۆڕینی زمانی تابلۆی شوێنە جیاجیاکان، پارێزگای دھۆک ڕایگەیاند: "پێویستە ھەموو تابلۆی فەرمانگەکان، شوێنە گشتی و بازرگانی و گەشتیارییەکان، کۆمپانیا، مارکێت، دوکان و بازاڕە مۆدێرنەکان، ھەمووی بە زمان و ڕێنووسی کوردیی دروست شانبەشانی زمانەکانی دیکەی عەرەبی و ئینگلیزی بنووسرێن و نیشان بدرێن".
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دھۆک، خەیری عەلی ئوسو کە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پارێزگاری دھۆک کردبوو، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕايگەیاند: "لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە ئێمە، لێژنەی تایبەتمان ھەیە و بەردەوام چاودێریی لەسەر کۆمپانیا و ھۆتێل و خواردنگەکانی گەشتیاریی دەکەین کە دەبێت تابلۆکانیان بە کوردییش بنووسرێن".
رۆژی ٢١ـی شوباتی ٢٠٢٣ کە ھاوکات بوو لەگەڵ رۆژی جیھانیی زمانی دایک بوو، سەرۆکوەزیرانی ھەرێم مەسرور بارزانی بۆ زیاتر پاراستن و گرنگییدان بە زمانی دایک دوو فەرمانی دەکرد و لەم چوارچێوەیەشدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کاری پێویست ئەنجام بدرێت بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردیی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکوومی و ناحکوومییەکان، ھەروەھا نووسینگە و نوێنەرایەتی و کونسوڵگەری وڵاتان و رێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، ئەمە جگە لەوەی دووپاتی کردەوە کە لە ھۆتێل و شوێنە گەشتیاریی و رێستورانتەکان، پێویستە گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و رێبەر و رێنماییەکان بەزمانی کوردی ھەبێت.