Heman Hussein Yaseen
17 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر - AA
پارێزگای ھەولێر راگەیاندراوێکی لەبارەی بارانبارینی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە کە تیاییدا بەھۆی لافاوەکەوە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە و جەخت لەوەکراوەتەوە کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، پارێزگاری ھەولێر ئومێد خۆشناوی راسپاردووە کە لە رێگای دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بە پەلە بە ھانای زیانلێکەوتووانەوە بچن و ھەرچی پێویست بێت بۆ ھاوکاریکردنیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان ئەنجامی بدەن.
لە راگەیاندراوەکەی پارێزگای ھەولێر دا ھاتووە: ''درەنگانێکی ئەمشەو لە ئەنجامی یەکگرتنی دوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و دەریای سوور کە بووە ھۆی دروستبوونی شەپۆلێکی بەخووڕی باران لە شاری ھەولێر و لە نزیک کاتژمێر چواری بەیانیەوە لافاو لە بەشێکی زۆری سنووری پارێزگای ھەولێر دروست بوو کە بەداخەوە جگە لە زیانی ماددیی، زیانی گیانیشی لێکەوتەوە''.
پارێزگای ھەولێر داوایش لە ھاووڵاتییان دەکات کە ئەگەر بۆ کارێکی پێویست نەبێت، ئەوا رێگاکانی دەرەوە و ناوەوەی ھەولێر بەکارنەھێنن و تیاییدا ھاتووە: ''داواکارین لە ھاووڵاتییان ئەگەر بۆ کاری زۆر زەروور نەبێت رێگاکانی دەرەوە و ناوەوەی ھەولێر بەکار نەھێنن، ھەروەھا لە سنووری سەرجەم ناحیە و قەزا و گوندەکانی ھەولێر لە ھەرشوێنێک ھەستیان بەمەترسی بەرزبوونەوەی ئاو و کاریگەریەکانی باران کرد راستەوخۆ پەیوەندی بە قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و شارەوانی و لایەنە بەرپرسەکانی ئەم شوێنانەوە بکەن''.
پارێزگای ھەولێر ھۆشداریشی داوە لەوەی جارێکی دیکە شەپۆلێکی بارانبارین ھەولێر بگرێتەوە و رایگەیاندووە: ''پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ جارێکی تر شەپۆلێکی بەخووڕی باران سنووری پارێزگای ھەولێر بگرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم تیمی دەزگاکانی ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، ھاتوچۆ، تەندروستی، بەرگری شارسانی، شارەوانیەکان و، ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا وسەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەکان خراونەتە ئامادەباشییەوە''.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و چەند جارێک لەرێگای پەیوەندی تەلەفۆنیەوە پارێزگاری ھەولێری راسپاردووە لە رێگای دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بە پەلە بە ھانای زیانلێکەوتووانەوە بچن و ھەرچی پێویست بێت بۆ ھاوکاریکردنیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان ئەنجامی بدەن.