Zana Natık Kerem
14 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
بزووتنەوەی نوجەبا سەربە حەشدی شەعبی رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکیان بەو هێرشانەوە نییە كە دەكرێنە سەر نێردەكانی دیپلۆماتی لە عێراق.
لەمبارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا، فیراس یاسر لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، لیوای ١٢ی بزووتنەوەی نوجەبا لەژێر فەرماندەیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، مستەفا كازمی بە حەشدی شەعبی بەستراوەتەوە و گوتی:
"هەولێك هەیە بۆ ئەوەی كەلێن لەنێوان هێزەكانی بەرهەڵستی و لەنێوان بیرۆكەی بوونی حەشدی شەعبی دروست بكرێت كە ئەوەیش دەستوەردانە لە هەردوو بیرۆكەكەدا".
سەبارەت بە پاراستنی نێردەكانی دیپلۆماتی لە عێراق، فیراس یاسر جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی کە پاڵپشتیی لە پاراستنی بوونی نێردەكانی دیپلۆماتی لە عێراق دەكەن و گوتی:
"زۆر گرنگە پردی پەیوەندیی عێراق لەگەڵ سەرجەم وڵاتان دروست بكرێت كە ئەوەیش لە دیدی بزووتنەوەی نوجەبا و سەرجەم هێزەكانی دیكەی بەرهەڵستی رەنگی داوەتەوە".
ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا، فیراس یاسر سەبارەت بە هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەكان لە عێراق، رایگەیاند كە بزووتنەوەكەیان هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەوە نییە كە دەكرێنە سەر نێردەكانی دیپلۆماتی لە عێراق و گوتی: "سەبارەت ئەوەی تێبنیمان لەسەر بوونی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق هەیە، بەڵام بزووتنەوەی نوجەبا هیچ بەرپرس نییە لەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر نێردەكانی دیپلۆماتی لە عێراق".