Hawkar Yaseen
10 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
کاتژمێر ١٨:٠٠ لە سەرانسەری عێراق پرۆسەی دەنگدان کۆتایی هات و ئامێرەکانی دەنگدان بەشێوەی ئۆتۆماتیکی کوژانەوە و کۆتایی بە پرۆسەکە هات.
هەرچەندە هێشتا ئاماری رێژەی بەشداریی کردنی دەنگدەران بە فەرمی بڵاونەکراوەتەوە بەڵام بەپێی ئەو داتایانەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراونەتەوە رێژەی بەشداریی کردنی هاونیشتمانیانی عێراق لە پرۆسەکەدا کەم بووە لەئاستی چاوەڕوانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان و لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی پرۆسەکەدا نەبووە.
گوتەبێژی فەرمی تۆڕی هاوپەیمانییەکانی چاودێریکردنی هەڵبژاردن، دەشتی سدیق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەربارەی شێوازی بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەو پێشێلکارییانەی تۆمارکراون رایگەیاند "بەپێی ئەو ئامارەی بەدەست ئێمە گەیشتووەتەوە لە سەرانسەری عێراق رێژەی بەشداریکردنی هاونیشتمانیان لە پرۆسەی دەنگدان لەسەدا ٣٢ تێنەپەڕیوە".
دەربارەی پێشێلکارییە تۆمارکراوەکانیش گوتی: "لە ١٣٧ بنکەی هەڵبژاردن چاودێرەکان دوورخراونەتەوە، لە ٢٤٤ بنکەی هەڵبژاردن مۆبایل بەکارهاتووە و براوەتە کابینەکانی دەنگدانەوە و وێنەی دەنگەکان گیراوە کە ئەوە پێچەوانەی رێکارەکانی کۆمیسیۆنە، ئەو کەسانەی بە کارتی کۆنی دەنگدان بەشداری پرۆسەکەیان کردووە دەبوو ناسنامەیەکی دیکەی فەرمییان پێ بێت بۆئەوەی بیسەلمێنن کە هەڵگری ئەو کارتە خۆیانن بەڵام ٦٢٦ حاڵەتی دەنگدان تۆمارکراوە بەبێ ئەوەی دەنگدەر ناسنامەیەکی دیکەی پێ بێت و خاوەندارێتییەکەی بسەلمێنێت، لە ٣٩٦ بنکەی دەنگدان پرۆسەکە بۆ ماوەیەک راوەستاوە و لە ٢٢٤ بنکەش نهێنی بوونی دەنگدان نەپارێزراوە و دەنگدەر کەسێکی دیکە لەگەڵیدا چووەتە کابینەی دەنگدانەوە بۆ ئەوەی بەشداری پرۆسەکە بکات".
پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە سەرانسەری عێراق لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستی پێ کرد و تاوەکو شەشی ئێوارە پرۆسەکە بەردەوام بوو.
بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٦٨ وڵاتی جیهانەوە زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ چاودێری نێودەوڵەتی کە ٨٠٠ کەسیان چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان بوون و ٧٥ هەزار چاودێری ناوخۆییش چاودێری پرۆسەکەیان کرد.
لە سەرانسەری عێراق بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان هەشت هەزار و ٢٧٣ بنکەی دەنگدان کرابوونەوە کە ٥٥ هەزار و ٤١ وێستگەی دەنگدانیان تێدا بوو.
بۆ بەشداری لە پرۆسەکەدا ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەبوو، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتبووەوە، لە ھەرێمی کوردستانیش سێ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی ھەبوو، یەک ملیۆن و ٩٤١ ھەزار و ٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتبووەوە.
لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.
پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس بوون بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەستدا و کۆمسیۆنیش بە تۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دوور خستەوە.
بە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان، ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ٤٤ کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت، ١٨ کورسی سلێمانی کە بەسەر پێنج بازنەی ھەڵبژاردن دابەش بووە، ١٥ کورسی ھەولێر بەسەر چوار بازنە دابەشبوون و ١١ کورسی دھۆکیش بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە یەکێکیان لە ھەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دھۆکە.