Heman Hussein Yaseen
02 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
بەشی پێشبینیکردن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، هۆشداری دا لە ھاتنی بارستە ھەواییەکی ساردی جەمسەریی.
بەشی پێشبینیکردن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە کە سبەی دووشەممە لە کاتەکانی بەیانی زوودا، کاریگەری بارستە ھەوایەکی ساردی جەمسەریی درێژدەبێیتەوە و باران و بەفر دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە سنووری پارێزگای ھەولێر ئاستی باران بارین مامناوەند دەبێت و لە سەنتەری پارێزگا ئەگەری نمەباران ھەیە و کاتی دابارین لە بەیانی زوو تا پێش نیوەڕۆ دەبێت.
ئاماژە بەوەیش کردووە کە لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان وەک زنجیرە چیای سەفین و زنجیرە چیاکانی سنووری ئیدارەی سۆران و تەواوی ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفر تا کاتەکانی دوای نیوەڕۆ دەبارێت.
ئەوەیشی راگەیاندووە کە لە سەنتەری سلێمانی نمەباران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانی دەورووبەری ئەو پارێزگایە بەفر دەبارێت، تەواوی ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی راپەڕین بەفربارین دەبێت.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کەلە سەنتەری پارێزگای دھۆک ئەگەری نمەباران ھەیە و لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی رۆژھەڵاتی پارێزگاکە بەفر دەبارێت.
بەشی پێشبینیکردن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پارێزگای هەڵەبجەش باسی لەوە کردووە کە لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە باران و بەفر دەبارێت و لە دوای نیوەڕۆ، پلە بە پلە کاریگەری ئەو شەپۆلە لاواز دەبێت و لە شەودا کۆتای دێت، بەڵام پلەکانی گەرما ھەر بە نزمی دەمێنێتەوە.