Sarmand Hameed
13 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2021
ھەولێر - AA
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار درا بە دابینکردنی بڕی ملیارێک و ٢٥٠ ملیۆن دیناری دیکە وەک قۆناغی دووەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرفتی کەمئاوی و وشکەساڵی لە ھەرێمی کوردستان، لە شاری ھەولێریش چەندین لیژنەی ھاوبەش و مەیدانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی پێکھێنراون و ھەر ھاووڵاتییەکیش کێشەی ئاوی ھەبێت دەتوانێت سەردانی نزیکترین فەرمانگەی شارەوانی یان بەڕێوەبەرایەتیی ئاو بکات و لە رێگەی تانکەرەوە ئاوی بۆ دابین دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد رایگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان وەک قۆناغی دووەم بڕیاریدا بە دابینکردنی بڕی ملیارێک و ٢٥٠ ملیۆن دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو و تەرکیزخستنە سەر ئەو شوێنانەی کە گرفتی کەمئاویان ھەیە بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن".
سەبارەت بە چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاویش لە شاری ھەولێر، ئاری ئەحمەد رایگەیاند: "بۆ ئەو مەبەستە لە شاری ھەولێر سێ لیژنەی ھاوبەش و مەیدانی پێکھێنراون، لیژنەیەکیان بۆ بەدواداچوونی بەھەدەردانی ئاوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ گرفتەکانی دابینکردنی ئاو دەکات کە بەھۆی بەفیڕۆدانی ئاوەوە دروست دەبێت، وەک شووشتنگەکان و باخچە نایاساییەکانی پێش دەرگەی ماڵان و شێوازەکانی دیکەی بەفیرۆدانی ئاو. ھەروەھا لیژنەیەکی دیکەیان لە ھەر شەش شارەوانیی ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو دروستکراوە بۆ ئەوەی ھەر ھاووڵاتییەک گرفتی ئاوی ھەبێت و پێویست بە تانکەر بکات، تەنیا سەردانێکی نزیکترین شارەوانی خۆی بکات و لە رێگەی تانکەرەوە ئاوی بۆ دابین دەکرێت، ھەروەھا لیژنەیەکی مەیدانیش بۆ سەرپەرشتیکردنی لێدانی بیر و دابینکردنی بودجە بۆ چاککردنەوەی بیرەکان پێکھێنراوە بۆ ئەوەی کێشەی کەمئاوی لە شاری ھەولێر چارەسەر بکرێت".
ئاری ئەحمەد ئاماژەی بە زیادکردنی سولفەی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتییەکان کرد و گوتی: "بڕیارە بۆ مانگەکانی ٧ و ٨ و ٩ و ١٠ سولفەی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکرێتەوە ١٠٠% بۆ ئەوەی رووبەڕووی کێشەکان ببنەوە و بتوانن گرفتەکانی ھاووڵاتییان چارەسەر بکەن و تەواوی دامودەزگاکانی حکوومەتیش پاڵپشتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو دەبن بۆ ئەوەی ھەر ئیمکانیەتێکیان لە تانکەر و ئالیەتیان ھەبێت لە کاتی پێویستدا کاری پێویست ئەنجام بدەن و تانکەرەکان لە خزمەت ھاووڵاتییاندا بن بۆ دابینکردنی ئاو، ھەروەھا فەرمان لایەنی وەزارەتی کارەباش کراوە کە دەرخستەیەک پێشکەش بکەن بۆ سەرفکردنی پارە بە مەبەستی ئەوەی تەواوی بیرەکانی شاری ھەولێر کارەبای بەردەوامیان ھەبێت و بە فیدەرێکی بەردەوامەوە ببەسترێتەوە کە ئەمەش کاریگەری ئەرێیی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی دابینکردنی ئاو لە شاری ھەولێر دەبێت".