22 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2020
هەولێر ــ AA
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق، دەستگیركردنی ژمارەیەك خێزانی داعشی راگەیاند.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق بڵاوی كردەوە كە هێزەكانی فیرقەی هەشت سەربە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی، ژمارەیەك خێزانی داعشیان لە سنووری قەزای قائیم رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار دەستگیركردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەو خێزانانەی داعش لەبەرامبەر بڕە پارەیەك لە خاكی سووریاوە ئاوەدیوی سنووری رۆژئاوای عێراق كرابوون.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیش دراوە، ئەو خێزانانەی داعش كە دەستگیركراون، رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار كراون بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی، بەرامبەریان بیگرێتەبەر.
پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاندبوو، 31 كەس كە هەڵگری رەگەزنامەی سووری بوون و لەو كاتەی هەوڵیانداوە بە نایاسایی بێنە ناو خاكی عێراقەوە، دەستگیركراون.