هەولێر - AA
بە مەبەستی سەربڕینی ئاژەڵان بۆ جەژنی قوربان و لە چوارچێوەی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر لەمیانی رۆژانی جەژندا، رۆژانە ١٤ کاتژمێر کراوە دەبێت و پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بۆ ئەو ئاژەڵانە دەکرێت کە دەهێندرێتە کوشتارگەکە و قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێریش هۆشداری دەدات لەوەی قەدەغەیە هیچ کەسێک ئاژەڵ لەسەر شەقام و ناو کۆڵانەکان سەربڕێت و دووپاتیشی دەکاتەوە لە رۆژانی جەژنی قورباندا بەدواداچوونەکان چڕتر دەکرێتەوە لەمبارەیەوە.
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، هەڵمەت هەمزە ئاماژە بەوە دەکات کە لە رۆژانی ئاساییدا، کوشتارگەکە توانای وەرگرتنی ٢٠٠ رەشەوڵاغ و هەزار و ٢٠٠ ئاژەڵی بچووکی هەیە و بەهۆی درێژکردنەوەی کاتی کارکردنییان بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە ئەوا دەتوانن دوو هێندەی رۆژانی ئاسایی ئاژەڵ وەربگرن، هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو کە پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینیش بۆ ئاژەڵان دەکرێت.
ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، بەشێک لە هاووڵاتییان هەماهەنگی لەگەڵ کوشتارگەکان دەکەن بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانییان ببەن بۆ ئەوێ و لە ژێر رێنماییە تەندروستییەکاندا سەربڕن، هەروەها جگە لە هاووڵاتییان بەشێکی دیکەش لە رێکخراو و دەزگا خێرخوازییەکان ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ لە کوشتارگەکان سەردەبڕن و دواتر دابەشی سەر هاووڵاتیانی دەکەن.
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، هەڵمەت هەمزە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە هەر چوار رۆژی جەژندا کوشتارگە بە رووی هاووڵاتییاندا دەکەینەوە بۆ ماوەی ١٤ کاتژمێر کە لە رۆژانی ئاساییدا تەنیا هەشت کاتژمێر کراوەیە، بەڵام لە رۆژانی جەژندا لە کاتژمێر چواری بەیانی بۆ شەشی ئێوارە کاردەکەین، ئامادەیی تەواو کراوە بە ستافێکی کارا بۆ سەربڕینی ئاژەڵی هاووڵاتییان بە پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕین، پشکنینەکان وردتر کراونەتەوە بەتایبەت ئێستا پەیای خوێنبەربوون هەیە".
لە بەرامبەر هەر سەربڕینێک بۆ ئاژەڵی گەورە، کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر دە هەزار و ئاژەڵی بچووکیش سێ هەزار دینار لە خاوەن قوربانییەکە وەردەگرێت و هەروەها پێویستە بڕە پارەیەکیش بدرێت بە قەسابەکە کە ئەوە بە پێی رێککەتنی نێوان قەساب و خاوەنی قوربانی دەبێت.
لەبارەی قەبارەی کوشتارگەکە و توانای وەرگرتنی ئاژەڵان، هەڵمەت هەمزە گوتی: "بە گشتی لە رۆژانی ئاساییدا کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، لە تایمێکی هەشت کاتژمێری دەتوانێت ٢٠٠ رەشەوڵاغ و هەزار و ٢٠٠ مەڕ و بزن وەربگرێت بۆ سەربڕین و پارچەکردن، بەڵام ئەوەی ئێستا پلانمان بۆی داناوە لە ماوەی ١٤ کاتژمێردا دەتوانین دوو بەرامبەری ئەو ژمارەیە ئاژەڵ وەربگرین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی کە جێگای سەرنجە، هاوکاریکردنی خەڵکە لە کاتی قوربانییکردن بە جێبەجێکردنی ئەو رێنماییانەی کە بڵاویاندەکەینەوە لە رۆژانی داهاتوودا".
پەتای خوێنبەربوون یەکێک لەو هەڕەشانەیە کە وایکردووە لەم کوشتارگەیە هەموو ئەو رێنماییانە جێبەجێ بکرێت کە دەبنە هۆی رێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە بە پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و لە پێ کردنی جزمەی درێژ، هەروەها پشکنین بۆ دەستی کارمەندەکان بۆ ئەوەی هیچ برینێکی تیادا نەبێت چونکەبەشێوەیەکی گشتی ڤایرۆسەکە دەتوانێت لە رێگای برینێکەوە بە خێرایی بڕواتە ناو جەستەوە.
لەبارەی رێکارە خۆپارێزییەکانیش، هەڵمەت هەمزە گوتی: "حکوومەتی هەرێم هەڵسا بە راگەیاندنی هەڵمەتێک بە رشاندنی ئەو شوێنانەی کە کاروباری ئاژەڵی تیادا دەکرێت وەکو گۆڕەپانی کڕین و فرۆشتن و کوشتارگەکان، ئەو هەڵمەتە بەرەدوامە، هەروەها لیژنەکان کاراکراون و رێژەیان زیادکراوە بۆ ئەوەی بتوانن کۆنتڕۆڵی سەربڕینی لا کۆڵانەکان بکەن، لە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێریش، پشکنین و رشاندن چڕتر کراوەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن پشکنین بۆ ئاژەڵەکان بکەن، داواشمانکردووە کە خەڵک لە لاکۆڵانەکان گۆشت نەکڕێت".
پێشبینی دەکرێت لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، هەریەک لە دەزگای خێرخوازی بارزانی، مانگی سووری تورکی و مانگی سووری قەتەری و چەند رێکخراوێکی دیکە ژمارەیەک ئاژەڵ لە کوشتارگە سەر ببڕن و دواتر بینێرن بۆ کەمی ئاوارە و پەنابەران لە سنووری هەولێر و مووسڵ.
هەڵمەت هەمزە گوتیشی: "کۆمەڵێک رێکخراو و دەزگا ناوی خۆیان نووسیوە، هەرچەندە رێژەکە وەک ساڵانی پێشووتر نیە و کەمتر بووەتەوە بەڵام جێگای خۆشحاڵییە لەوانە، مانگی سووری تورکی، دەزگای خێرخوازی بارزانی، مانگی سووری قەتەری و چەند رێکخراو دەزگایەکی دیکە، کە جێگای خۆشحاڵییە گۆشتەکە لە هەولێر و کەمپەکانی هەولێر و دەوروبەری هەولێر دابەش دەکەن".
ئەمە لە کاتێکدایە کە قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر هۆشداری دەدات کە هیچ کەسێک گۆشت لە کۆڵان و سەر ئەو شەقامانە نەکڕێت کە بەشێوەیەکی نا تەندروست ئاژەڵی تیادا سەر دەبڕدرێت، ئاشکرایشی دەکات کە سێ کەس بە تۆمەتی سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان دەستگیرکراون.
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید رایگەیاند کە لە چەند رۆژی رابردوودا سێ کەسیان دەستگیرکردووە کە هەڵسابوون بە سەربڕینی ئاژەڵ لە شەقامە گشتییەکان و گوتی: "بۆ رێگریکردن لە بڵابوونەوەی پەتای خوێنبەربوون، سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دیناری تەرخانکردووە بۆ ئەوەی فەرمانگە پەیوەنددارەکان رووبەڕووی ئەو پەتایە ببننەوە، هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا سێ کەسمان دەستگیرکردووە کە هەڵسابوون بە سەربڕینی ئاژەڵ لە شەقامە گشتییەکان، بۆیە بەپێی رێنماییەکان ھیچ کەس بۆی نیە گۆشتی ئاژەڵ بفرۆشێت ئەگەر مۆری سەربڕخانەکانی پێوە نەبێت، لەمیانی جەژنی قورباندا بەدواداچوونێکی چڕ دەکرێت بۆ ئەم مەبەستە".
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: "داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین ھیچ گۆشتێک لە ھیچ شوێنێک نەکڕن ئەگەر لێی دڵنیانەبن و مۆری سەربڕخانەی پێوە نەبێت، هاوکات داواش دەکەین ئەو هاووڵاتییانەی قوربانی دەکەن، ئەوا ئاژەڵەکان ببەنە سەربڕخانە و لەوێ بەشێوەیەکی تەندروست پشکنین بۆ ئاژەڵەکانییان دەکرێت و ئاژەڵەکانییان بۆ سەر دەبڕدرێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

