Rewa Mahmood Hasan,Sarmand Hameed
21 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسول عەلی به سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەكێتی هەڵبژێردرا.
ئەندامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، عەدالەت عەبدوڵا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، بەزۆرینەی دەنگ، ئهندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كۆنگرە هەڵبژێردران كە هەشت ئەندامی ئەنجوومەنەكە ئەندامانی پێشووی مەكتەبی سیاسیین و كۆسرەت رەسول عەلی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەكە دەكات.
لەبارەی دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنەکەوە، عەدالەت عەبدوڵڵا گوتی: "ئەنجوومەنی گشتیی کە لە ١٢١ کەس پێکدێت، دەسەڵاتەکانی ئەم ئەنجوومەنە دیارییدەکات".
راشیگهیاند: "بەم هەنگاوە نیوەی زیاتری ئەندامانی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی چوونەتە نێو ئەم ئەنجوومەنەوه".
ئەندامەکەی کۆنگرەی یەکێتتی ئەوەیشی ئاشکراکرد کە سێ کەس بەشێوەی دەنگدانی راستەوخۆ و بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە، بە ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی متمانەیان پێدرا کە بریتیین لە ههریهك له سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواس فایەق و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی.
عەدالەت عەبدوڵڵا راشیگهیاند: "دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گشتیی کە ژمارەیان ١٢١ کەسە، لەناو ئەو ئەنجوومەنەدا ٥٥ کەس وەک دەستەی جێبەجێکردن هەڵدەبژێردرێن کە رۆڵی پەرلەمانی حزب دەبینن".
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و بەردەوام ئەگەر و دەنگۆی دواخستنی کۆنگرە، سەرئەنجام ئەمڕۆ چوارەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبەشداریی هەزار کەس لە هەڵبژێدراوانی کۆمیتە و مەڵبەندەکانی ئەو حزبە دەستی بەکارەکانی کرد.