Zana Natık Kerem
19 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە تا ئێستا ھەزار و ٢٥٠ تانەیان لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست گەیشتووە.
ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، موھەنەد مستەفا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە کە ئەمڕۆ سێشەممە، پێشکەشکردنی تانەکان لەلایەن لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، کۆتایی دێت و گوتی: "تا ئێستا ھەزار و ٢٥٠ تانەمان لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان بەدەست گەیشتووە".
موھەنەد مستەفا گوتیشی: "تانەکان کە لەسەر ئەنجامە بەراییە ھەڵبژاردنەکان پێشکەشکراون، بەپێی ئەو داتایانەی کە لەبەردەستی کۆمیسیۆن دان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، دواتر بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و پاشان بۆ دەستەی باڵای دادوەریی بەرزدەکرێنەوە".
ناوبراو باسی لەوەشکردووە کە دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان، پێویستی بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی هەیە.
رۆژی شەممەی رابردوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند کە ژمارەیەک لایەن بە تایبەتی ژمارەیەک لایەنی شیعە ئەنجامەکانیان قبوڵ نەکرد.