Zana Natık Kerem
28 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن شەوی رابردوو بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی گەیشتە بەغدا و ئەمڕۆ شەممە بەر لە بەستنی لووتکەکە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان سازکرد.
لەسەرەتا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەسەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ بەغدا و گوتی: "لە میانی ئەم ساڵدا ئەمە دووەم جارە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی بەغدا دەکات، ھەوڵەکانی فەڕەنسایش لە پاڵپشتیکردنی عێراق بەرزدەنرخێنین".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەروەھا سوپاسی سەرجەم ئەو سەرکردانەی کرد کە بەشداری لە لووتکەکەدا دەکەن و گوتی: "بەستنی لووتکەکە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئاسایش و ئاشتی و ھێورکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە و جیھان دەبێت".
ئاماژەی بەوەداوە کە پێکەوە كارکردنی نێوان عێراق و فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لەسەر بنەمای شەراکەتی ئابووریی و گوتی: "ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ لە بواری ئابووریی لە نێوان ھەردوو وڵات ھەیە و ھەوڵدەدەین سەرجەم ئاستەنگەکان لابەرین، بۆ ئەوەی پرۆژەکان جێبەجێ بکەین بە تایبەتیش لە بوارەکانی ژێرخان و وزە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ھەروەھا گوتی: "عێراق و فەڕەنسا ھاوبەشی سەرەکیین لە شەڕی دژبە تیرۆر و ستایشی رۆڵی فەڕەنسا دەکەین لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە شەڕی دژبە تیرۆر".
مستەفا کازمی راشیگەیاند: "ھەوڵدەدەین زیاتر پەرە بە ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بدەین و ھەوڵیش دەدەین سوود لە شارەزایی فەڕەنسا وەربگرین لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی نەوت، کارەبا، گواستنەوە، پیشەسازیی، سەربازی و بوارەکانی دیکە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی باسی لەوەشکرد کە عێراق خواستی ھەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەڕەنسا پتەوتر بکات بە تایبەتیش لە بواری رۆشنبیریدا و گوتی: "سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن دۆستێکی راستەقینەی عێراقە و سەردانەکەیش دەبێتە مایەی پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات".
لای خۆیەوە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند کە بەستنی لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی، گرنگە بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری لە ناوچەکە.
ئیمانوێل ماکرۆن باسی لەوەشکرد کە ھەوڵدەدەن پەیوەندییەکانی فەڕەنسا لەگەڵ عێراق پتەوتر بکەن و جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی عێراق.
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوەیشدا کە فەڕەنسا ھانی حکوومەتی عێراق دەدات زیاتر پاڵپشتی لە ئاوارەکان بکات و گوتی: "فەڕەنسا بوودجەیەکی بۆ پاڵپشتیکردن لە سەقامگیری ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان لە عێراق تەرخان کردووە".
ئیمانوێل ماکرۆن روونیشیکردەوە کە لووتکەکەی بەغدا، سەرکەوتنێکی راستەقینە بۆ عێراق و گوتی:"بەستنی لووتکەکە، گرنگە بۆ بەدیھێنانی سەقامکگیری لە ناوچەکە".
لە کۆتاییدا ئیمانوێل ماکرۆن گوتی: "عێراقییەکان توانیویانە لەسەر ئەرز، شکست بە داعش بھێنن."
شەوی رابردوو سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق.
ئەمڕۆ شەممە لە بەغدا پایتەختی عێراق، لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی بەڕێوەدەچێت کە سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی نۆ وڵات بەشداری لە لووتکەکەدا دەکەن.
لە ماوەکانی رابردوودا گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەسەن نازم ئاشکرای کردبوو کە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی ، تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی پرسی ئاسایش لە عێراق و ناوچەکە، ھەروەھا بنیاتنانی ھاوبەشی ئابووریی.