Ozhin Jula
04 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2020
کەرکووک - AA
ماوەی سێ رۆژە، دەرچوانی بەشە جیاوازەکانی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی کەرکووک، لەبەردەم بینای پارێزگای کەرکووک مانگرتنیان راگەیاندووە و داوای دامەزراندن دەکەن لە کۆمپانیای نەوتی باکوور.
ئەو دەرچوانە، ژمارەیان زیاتر لە ٣٠٠ کەسە و دەرچووی بەشە جیاجیاکانی ئەندازیارین.
یەکێک لە دەرچوانی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی کەرکووک بە ناوی هەژار جەبار بەئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند "ئێمە وەکو دەرچووانی بەشە جیاوازەکانی کۆلێژی ئەندازیاری، ئەمڕۆ بۆ سێیەم رۆژە هاتووینەتە بەردەم پارێزگای کەرکووک، ئەمە چەندین جارە خۆپشاندان و ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە لەبەردەم کۆمپانیای نەوتی باکوور و نووسینگەی کەرکووک-ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جددی نییە بۆ دامەزراندنمان لەسەر میلاکی کۆمپانیای نەوتی باکوور، هەموو جارێک لایەنه پەیوەندیدارەکان بەڵێنمان پێ دەدەن، ئەوەیش تەنها بۆ تاخیرکردنمان و بۆ ئەوەی بچینە ماڵەوە دانیشین و هیچمان بۆ نەکرێت".
ئەیوب محەمەد بەشداربووێکی مانگرتنی ئەمڕۆی دەرچوانی کۆلێژی ئەندازیاری بەشی روپێو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "من دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاریم لە زانکۆی کەرکووک لە ساڵی ٢٠٠٩و تا ئێستا دانەمەزراوم کە چوار ساڵ یەکەمی بەشەکەم بووم".
ئەیوب محەمەد ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دامەزراندن تەنها بۆ کەسوکاری بەرپرسانە و زۆرجاریش بەپارە خەڵکی دادەمەزرێنن و گوتی: "ئێمەیش نزیکەی ساڵێکە خۆپيشاندان، ناڕەزایەتی و مانگرتن ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی دابمەزرێن، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێک نییە و بەردەوامیش دەبین تا مافی خۆمان وەرەگرین".