Heman Hussein Yaseen
06 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2022
ههولێر-AA
ئێوارەی ئەمڕۆ، لەلایەن کۆمپانیای کارگرووپ، ئێوارەخوانێک بۆ قوتابییانی بەشە ناوخۆیی شەھید شەوکەت شێخ یەزدین و بەشە ناوخۆییەکانی دیکە رێکخرا.
لە بەشە ناوخۆیی شەھید شەوکەت شێخ یەزدین کە نزیکەی ھەزار و ٨٠٠ قوتابی لەخۆ دەگرێت، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین, دکتۆر کامەران یونس محەمەد ئەمین ئێوارەخوانێکی بە کۆمەڵ رێکخرا.
لەگەڵ بانگی شێوان، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییان دوای رۆژوو شکاندنیان بە خورما، نوێژی بە کۆمەڵیان ئەنجامدا و دواتر بەشداری ئێوارەخوانەکەیان کرد.
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، دکتۆر کامەران یونس له لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "ئەمرۆ وەکو سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین ئامادەبووین لەم ئێوارە خوانە کە لەلایەن کۆمپانیای کارگرووپ بۆ نزیکەی ھەزار و ٨٠٠ قوتابی لە بەشە ناوخۆیی شەھید شەوکەت شێخ یەزدین ئامادەکراوە، بەڵام بە گشتی ئەوانەی لەم ئێوارەخوانە بەشداردەبن له شوێنهكانی دیكه بریتیین لە چوار ھەزار قوتابی".
گوتیشی: "ئەمە بۆ چوارەمین ساڵە ئەم کۆمپانیایە خواردن بۆ بەربانگ ئامادە دەکات و جێگای دەستخۆشییە چونکە بۆ قوتابییان زەحمەتە بتوانن خواردن بەم شێوەیە ئامادە بکەن، ھەڵبەتە پێش ھاتنی مانگی رەمەزان، چەندین سەبەتەی خۆراکیشمان بەسەر قوتابییاندا دابەشکرد".
لە ئێوارەخوانەکەدا، قوتابییان لە باخچەی بەشە ناوخۆیی شەھید شەوکەت شێخ یەزدین بە ریز دانیشتن و دوای خواردنی دەنكێک خورما، دەستیان بە نانخواردن کرد و دواتریش وەکو ھەستکردن بە بەرپرسیایەتی، شوێنەکانییان پاککردەوە.