Abdulhameed Husseın Karam
11 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2022
ھەولێر - AA
بەبۆنەی یادەکانی ئادار و نەورۆز، فێستیڤاڵی نەورۆز لە پارێزگای ھەولێر بۆماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام دەبێت کە لە میانیدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.
بەم بۆنەیە لە ھۆڵی میدیا لە شاری ھەولێر، پێشانگایەكی کتێب بە ئامادەبوونی پارێزگای ھەولێر، ئومێد خۆشناو کرایەوە.
سەرۆکی لێژنەی ١٢ھەمین فێستیڤاڵی نەورۆز لە ھەولێر، مەسعود کاڕەش لە بارەی کردنەوەی ئەم پێشانگایە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ یەکەم رۆژە لە بەرێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە کە ئەم پێشانگایە کرایەوە و ھاووڵاتییان رووی تێدەکەن و جۆرەھا کتێبی ئایینی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لەخۆگرتووە و ئەمەش بەھەنگاوێکی باش لە قەلەم دەدەین".
مەسعود کاڕەش لە بارەی ئامانج لە کردنەوی پێشانگاکە رایگەیاند "کردنەوەی ئەم پێشانگایە بۆ ئەوەیە کە ھاووڵاتییان زیاتر ئاشناییان بە نووسەرەکانی کورد ھەبێت و ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەھۆی سۆشیال میدیا، خەڵک زۆر گرنگی بە کتێب نادات و ھەوڵەکانمان بۆ ناسین و پتەوکردنی پەیوەندی تاک و کتێبە".
بۆ یادی رێککەوتننامەی ١١ی ئادار، هەروەها رزگارکردنی شاری ھەولێر لە راپەڕینی بەهاری ١٩٩١دا، ١٢ھەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە شاری ھەولێر دەستی بە چالاکییەکانی کرد و لە میانیدا لە چەند شوێنێک چالاکی ئەنجام دەدرێت کە لەسەر قەڵای ھەولێر، پارکی شار و چەندین شوێنی تر چالاکی جیاجیا ئەنجام دەدرێت.