Rawan Subhi Obaiullah
21 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2026
ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی پێشمەرگە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، قوباد تاڵەبانی، ڕێوڕەسمی فەرمیی ڕاگەیاندنی یەکخستنی تەواوەتیی ھێزەکانی پێشمەرگە بەڕێوەدەچێت.
ئەم ھەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦، وەزیری پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل لە ڕاگەیەندراوێکدا موژدەی "یەکخستنەوەی تەواوەتیی ھێزەکانی پێشمەرگە"ی ئاشکرا کرد.
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردبوو کە دوای چەندین ساڵ لە تێکۆشان، ھەوڵدانی بەردەوام و ئیشکردن وەک یەک تیمی پێکەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە ھاوکاری و ڕێخۆشکردنی فەرماندەیی ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠، توانرا سەرجەم بەربەست و گرفتە کەڵەکەبووەکانی بەردەم پرۆسەی یەکخستنەوە تێپەڕێندرێن.
یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، وەک یەکێک لە گرنگترین ھاوکاری و داواکارییەکانی ھاوپەیمانان دادەنرێت.