Abdullah Coşkun
16 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2020
قۆنيا - AA
گوڵە زەمەقەكان كە بە "پەرى ئاو" دەناسرێن بە لێوارى دەرياچەى بەيشەهير لە قەزای بەيشەهير سەربە پارێزگای لە قۆنيا، بڵاوبوونەتەوە ديمەنێكى دڵڕفێن دەبەخشن.
ئەو شوێنەى كە بۆ ماوەى هەشتا ساڵە، باخچەى زەمەقى لێيە بەهۆى دوورەدەستەوە تەنها خەڵكى ناوچەكە دەتوانن پێى بگەن.
گوڵەكان، پێش دوو ساڵ لە رێگەى گەڕانى بەلەمى ماسيگرەكانەوە دۆزراوەتەوە و خراوەتە ژێر پاراستنەوە.

گوڵە زەمەقەكان لە مانگى ئاياردا، چرۆ دەكەن و لە ناوەندى مانگى ئابدا دەگەشێنەوە. لە رۆژهەڵاتى دووردا بە "lotus" ناسراوە، لەگەڵ رۆژهەڵاتن دەكرێنەوە و لاى نيوەڕۆ دادەخرێن و دەچنە ژێر ئاوەوە. لەم رووەوە ئەم گوڵە وەكو "سيمبولى هەتاهەتايى" بە پيرۆزى دادەنرێت و ناوى لێدەنرێت "پەرى ئاو".
- "بۆ ناساندنى جوانييەكەى كەوتينە خۆمان"

سەرۆكى كۆمەڵەى رۆشنبيرى بەيشەهير، مستەفا بويوككافاڵى رايگەياند كە لە منداڵييەوە هەوڵى ناساندنى ناوچەكە دەدات و گوتى: "لەو تەمەنەدا، بە كامێرا بچووكەكەم وێنەم دەگرت. دوو ساڵ لەمەوبەر، بۆ ئەوەى هەموو كەس بە جوانى ئێرە ئاشنا بكەين كەوتينە خۆمان. دەستمان كرد بە هێنانى فۆتۆگرافەران بۆ ئێرە. جگە لەوە، بۆ ناساندن و پاراستنى ناوچەكە پەيوەنديمان بە پاركە نيشتيمانييەكانەوە كرد و پرۆژەيەكمان ئامادە كرد. لەم چوارچێوەيەدا، پلانى ئەوەمان داناوە رێرەو و سەكۆى تەماشاكردن دروست بكەين. لەئێستادا تەنها دەتوانين لە رێگەى بەلەمەوە بگەين بە شوێنەكە. لەگەڵ كۆتايی هاتنى پرۆژەكە دەتوانين بەپێ سەردانى شوێنەكە بكەين".
- "گوڵە زەمەقەكان، حەوت كيلۆمەتربە درێژايى كەناراوەكە بڵاوبووەتەوە"

ئيبراهيم ئەردۆغان كە ٢٠ ساڵە سەرقاڵى ماسيگرتنە، جەختى لەوە كردەوە كە لە منداڵييەوە زۆر بە باشى شارەزاى ناوچەكەيە و گوتى: "بەهۆى نەبوونى تواناى گواستنەوە بۆ ناوچەكە خەڵك زانيارييان لەسەر باخەكانى زەمەق نييە".

ئيبراهيم ئەردۆغان، ئاماژەى بەوە كرد كە كە هەرچەندە ئەوان بە ئاسايى دەڕواننە جوانى ناوچەكە، بەڵام بۆ كەسانێكى زۆر تاموچێژى بينين دەبەخشێت و گوتى: "زەمەقەكان لە بەندەرى چيفتليكۆيەوە دەست پێ دەكات و حەوت كيلۆمەتر بەدرێژايى كەناراوەكە بڵاوبووەتەوە. هەموو ساڵ لەو ناوچەيە لە مانگەكانى ئايار و حوزەيران دەكرێنەوە و تاكو لە ئاب و ئەيلوول دەبينرێن. لە سەرەتادا ناوى 'باخەكانى زەمەق'مان لێنا. بە هەوڵى شارەوانى و رۆژنامەنووسان تا دەتوانين هەوڵى ناساندنى ناوچەكە دەكەين. جارجار بە بەلەمەكەى خۆم ئەوانە دەگەڕێنم كە بۆ ناوچەكە دێن".