Rewa Mahmood Hasan
14 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2021
هەڵەبجە - AA
بە بەشداری چەندین جووتیار، فێستیڤاڵی هەناری پاییزیی هەڵەبجە لە شارەکە دەستی پێ کرد و تیایدا سەرجەم بەرهەمە پاییزەییەکانی شارەکە و دەشتی شارەزوور ساغ دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە شاری هەڵەبجە و بە چاودێری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی پارێزگاری هەڵەبجە، ئازاد تۆفیق و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەکە، ستار مەحمود، هەروەها بە بەشداری چەندین جووتیار حەوتەمین فێستیڤالی هەناری پاییزیی هەڵەبجە دەستی پێ کرد.
سەرەتای فێستیڤالەکە بە گوتاری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، ستار مەحمود دەستی پێ کرد و تیایدا سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە هاوکاربوون لە کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەرهەمی ئەم ساڵی هەنار لە ناوچەکەدا کەمە بەهۆی کەمی باران بارینەوە، بەڵام لەچاو وشکەساڵییەکەدا، جووتیاران توانیویانە تا رادەیەک بەرهەمەکانیان بەپێزبێت و کار نەکاتە سەرکوالیتیەکەی.
بڕیارە فێستیڤاڵەکە سێ رۆژ بخایەنێت و تیایدا لە پاڵ بەرهەمی هەناری ئەم ساڵی هەڵەبجە و ناوچەکەدا، چەندین بەرهەمی تری وەک گوێز، هەنگوین و وشکەی تیایدا نیشان بدرێت.