Heman Hussein Yaseen
17 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ماڵی تورکمانی، بە بەشداری سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف و وەزیری رۆشنبیری، محەمەد سەعید عەلی و کۆنسولی تورکیا لە هەولێر هاکان کاراچای و چەندین کەسایەتی دیکە رێوڕەسمی رۆژی زمان و کولتووری تورکمانی بەڕێوەچوو.
ساڵانە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ماڵی تورکمانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری لە ھەولێر بە چەند چالاکییەک یادی رۆژی زمان و کولتووری تورکمانی دەکاتەوە و ئەمساڵیش بە بەشداری ژمارەیەک کەسایەتی سیاسیی، هونەرمەند و ھاووڵاتیی تورکمان یادی ئەو رۆژە کرایەوە.

لە رێوڕەسمەکەدا، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی گوتارێکی پێشکەیش کرد و گوتی: "ئەمڕۆژە وەک بۆنەیەکی فەرمییە کە یادی دەکەینەوە، هیوادارین چالاکییەکان هەر بەردەوام بن، نەتەوەی تورکمان ئەم زمانەی ناساندووە کە لە پێناو گەل و نەتەوەی کوردستان هەمیشە شان بەشان خەباتی کردووە بۆ ئەوەی مافەکانی دەستەبەر بکات، پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان نەتەوە جیاوازەکان لەوپەڕی ئاستی بەرزدایە، بەخۆشحاڵیییەوە ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان ئەو تورکمانانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەژین و ئەوانەیشی کە لە ناوچە جێناکۆکەکان دەژین، دەبینین ئەوان ناتوانن بە زمانی خۆیان را و بۆچوونی خۆیان دەربڕن".
مونا قەهوەچی گوتیشی: "جێگای داخە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە بری ئەوەی هەوڵبدات رێز لە بۆچوونی پێکهاتەکان بگرێت، پڕۆژەیاسا و بۆچوونی بە رێگای سۆشیال میدیا پێشکەیش بە پەرلەمانی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی کورسی کۆتا کەم بکرێتەوە، بۆیە بە پێویستی دەزانم، دووپاتی بکەمەوە کە هیچ حزب و لایەنێکی کوردستانی ناتوانێت ئەم جۆرە پڕۆژانە پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان بکات و بە پێویستی دەزانم کە ئێزدییەکانیش کورسی کۆتایان پێ بدرێت، چونکە هەموومان دەزانین لە شەڕی دژبە داعش قوربانی هەرە سەرەکی ئەوان بوون، لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بە ئەندامبوونی پێکهاتەکان لە کۆمیسیۆنی باڵادا، دەمەوێت رایبگەیەنم کە قبوڵ ناکەین هیچ حزب و لایەنێک بەناوی پێکهاتەکان کورسی نوێنەری خۆیان دەستنیشان بکەن و ئەندام بن لە کۆمیسیۆن و ئێمە خۆمان وەکو تورکمان خاوەن بڕیاڕین و پڕۆژەیەکی تایبەتمان بۆ ئەم بابەتە هەیە".
هاوکات کۆنسولی گشتی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای رایگەیاند کە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی قوتابخانەی تورکمانی کە بە رۆژی زمان و کولتووری تورکمان ناسێندرا و ئەمڕۆش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ماڵی تورکمان و میوانداری ئێمە سوپاسیان دەکەین، تورکمانەکان بە درێژایی مێژوو لە رووی کولتوورەوە کاریگەرییەکی زۆرەیان هەبووە و بەردەوام دەبن، هەوڵی خۆیان بۆ دەوڵەمەندکردنی کولتوور داوە و کاریگەرییان هەبووە، بۆ ئەوەی ئەم کولتوورە لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی دیکە بگوازرێتەوە تا پەرەی پێ بدرێت پێویستمان بە پەرەپێدانی زمان و پەروەردەیە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بۆ فێرکردنی منداڵەکانمان و ناساندنمان بەم کولتوورەوە بکەین پێویستمان بە پەروەردە هەیە و دەبێت لەم رووەوە هەوڵی جددی بدرێت".

دواتر وەزیری رۆشنبیری هەرێمی کوردستان، محەمەد سەعید عەلی گوتی: "پیرۆزبایی لە پێکهاتەی تورکمان دەکەم و وەزارەتی رۆشنبیری بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پێکهاتەکان و دوو بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بۆ تورکمان و سریانی هەیە، پێکهاتەکانی کوردستان، یانەکانی کولتووری، ئۆرگانەکانی کولتووری، هەر کاتێک ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردبێت ئەوا سەرکەوتووبن، بەڵام هەرکاتێک لادرابێت بۆ کاری سیاسیی و ژێربەژێر، ئەوا پووکاونەتەوە، هیوادارم پێکهاتەی تورکمان هەروا چۆن لە رابردوو کاری کردووە لەسەر فەرهەنگ و کولتوور، هەوا بەردەوام بن و داوای سەرکەوتنیان بۆ دەکەین".
هەرروەها وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف گوتی: "ئەمڕۆ خۆشحاڵ بووین کە بەشداربووین لەو رێوڕەسمە و پیرۆزبایی لە هەموو گەلی تورکمان و پێکهاتەکانی دیکە دەکەین، ئەم بۆنە گرنگە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پشتیوانی لەم بڕیارە کرا، ئەمەش دەگەڕێتەوە کە لە ١٧ی ١١ی ١٩٩٣ یەکەم قوتابخانەی تورکمانی بەناوی دوغوش لە هەولێر کرایەوە و ئەمە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ پشتیوانیکردن لە خوێندن بە زمانی تورکی".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "دەمەوێت دووپاتی بکەمەوە کە پێکهاتەی تورکمان وەک پێکهاتەیەکی گرنگ بەشدارە لە حکوومەت و بڕیارە سیاسییەکان و ئەمەش پاڵپشتییەکە بۆ پێکەوەژیان و مافی نەتەوەکان، لێرەدا هەندێک لایەن و فراکسیۆن کە پڕۆژە یان قسەیان هەیە، ئەوا ئازادن لە بیرکردنەوە بەڵام شتێک هەیە کە تایبەتە مافی پێکهاتەکان کە بەیاسا رێکخراوە، بەشدارییکردنییانە لە پەرلەمان و حکوومەت بە تایبەتی بابەتی کۆتا، دیارە هەست دەکەین نیەتێکی باش نییە لەم بابەتەدا کە داوای کەمکردنەوەی کورسی کۆتا دەکرێت و هەست دەکەین ئامانجی سیاسیی لە پشت ئەم بابەتەیە، بۆیە دەبێت فڕاکسیۆنەکان رەچاوەی ئەوە بکەن کە بەشداریکردن بەشێوەی کۆتا واجیهەی هەرێمی کوردستانی جوان کردووە و پاڵپشیتییە بۆ پێکەوەژیان، بۆیە دەبێت هەموولایەک هاوڕابین لەم بابەتە کە ژمارەی کورسی کۆتاکان زیاتر بکرێت".

لە رێوڕەسمەکەشدا چەندین سروود و گۆرانی و هەڵپەڕکێی تایبەت بە پێکهاتەی تورکمان نمایشکران.
لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە ۲٥ی کانوونی یەکەمی ساڵی ۲٠۱۹، رۆژی ۲٥ی شوبات وەکو رۆژی رۆژنامەگەریی تورکمانی و رۆژی ۱۷ی تشرینی دووەمیش وەکو رۆژی فەرمی زمان و کولتووری تورکمان ناسێندرا و بە دەنگی رەھای پەرلەمانتاران پەسەندکرا.