Saad Hawrami
17 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2016
دەزگای رۆشنبیری و هونەری شڤان پەروەر لە شاری هەولێر و لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا رێورەسمێکی پشتگیری بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە ئەنجام دانی ریفراندۆم و بەرەو سەربەخۆیی بوونی هەرێمی كوردستان رێكخست.
رێورەسمی پشتگیری ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەرەو سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كە هاو كات بوو لە گەڵ تپێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر رێككەوتنامەی سایكس پیكۆدا چەندین بابەتی سیاسيی و هونەری پێشكەش كران.
لە سەرەتای رێورەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی گوتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە كاریگەرییە نەرێنیيەكانی رێككەوتنامەی سایكس پیكۆ لە سەر نەتەوەی كورد كرد.
نەوزاد هادی گوتی: "سایكس پیكۆ رێككەوتنێك بوو لە لایەن هەردوو وڵاتی فەرەنسا و بەریتانیاوە بە ئاگاداری روسیا بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەو وڵاتانەی كە ناوچەكەیان دابەشكرا واژۆ كرا و نەتەوەی كوردیش زەرەرمەندی سەرەكی ئەو رێككەوتنە بوو".
پارێزگاری هەولێر روونیكشردەوە كە پاش 100 ساڵ خەبات و قوربانی دان و رەفزكردنی ئەو واقیعە داسەپێنراوەی كە بەسەر خەڵكی ناوچەكەدا هات، ئێستا ئیرادەی میللەتی ئێمە دوای ئەو هەموو قوربانی دان و خەباتە تەعبیر لە حەقیقەتی ویستی خەڵكی كوردستان دەكات و ئەمرۆش لە كوردستان ئازادنە و لەژێر ئاڵای پیرۆزی كوردستان دا ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری خۆیان بەسەر دەبەن.
نەوزاد هادی ئاماژەی بەپرسی ریفراندۆم كرد و گوتی: "ریفراندۆم مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانە بۆ دەربڕٍینی ویستی خۆی لەسەر خاكی خۆی. ئەگەر كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆیشی هەبێت ئەوە دەبێتە فاكتەری سەقامگیری بۆ ناوچەكە و هۆكارێك دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی ناوچەكە".
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "كورد نابێتە مەترسی بۆ سەر ناوچەكە و وڵاتانی ناوچەكە بۆیە ئەمرۆ بە مافی خۆمانی دەزانین كە خەڵكی كوردستان وەكو هەر نەتەوەیەكی دیكە تەعبیر لە ویستەكانی خۆمان بكەین بۆ ئەوەی لەسەر خاكی خۆمان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین".
نەوزاد هادی دوپاتی كردەوە كە لە سەد ساڵی رابردوودا ناچەكە پڕبووە لە كوشتن و بڕین و كیمیا باران و ئەنفال و وێرانكردنی ماڵ و حاڵی خەڵكی كوردستان و بوونی ناسەقامگیری لەو وڵاتانەی كە كوردی تێدایە و عێراق و سووریای ئێستاش بەڵگەی زیندووی ئەو راستیەن.
نەوزاد هادی لە درێژەی گوتەكەيدا ئاماژەی بەو هەنگاوانە كرد كە بۆ پرسی ریفراندۆم دەنرێن و گوتی: " ئەو هەنگاوانەی كە دەنرێن بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی پیرۆزن و رێكخستنی ناو ماڵی كوردیش ئەمرۆ لە هەموو شت بۆ ئێمەی خەڵكی كوردستان گرنگترە بۆ ئەوەی هەنگاوەكانمان تۆكمەتر بكەین بەرەو ئایندەیەكی رونتر ئەویش بە ستراتیژییەكی باشتر و بۆ دابینكردنی ئەو مافەی كە گەلی كورد ساڵانێكە هەولێ بۆ ئەدات ".
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "وڵاتە زلهێزەكان لە رێگەی هەبوونی كونسوڵخانەكانیانەوە داواكاری و ویستی خەڵكی كوردستان دەزانن كە گەیشتنە بەو مافەی كە چەندین ساڵە لێیان زەوتكراوە".
پاشان ئەدیب چەلكی باسی لە ژیانی شێخ عەبدوسەلام بارزانی كرد و گوتی:" من لەو باوەڕەدام ئەگەر شێخ عەبدوسەلام بمابایە تاوەكو جەنگی جیهانی یەكەم تەواو بووایە ئەوە پاشەڕۆژی میللەتی كورد بەشێوەیەكی تر دەبوو. چونكە تەمەنێكی كەمی هەبوو بەڵام هۆشیارییەكی زۆری هەبوو. شێخ عەبدوسەلام یەكێكە لەو كەسانەی كە ناوی لە مێژووی كوردا هەیە و دووبارە نابێتەوە".
ئەدیب چەلكی هەروەها گوتیشی: "شێخ عەبدوسەلام تەمەنێكی كەمی هەبوو، بەڵام بیرێكی فراوان و پرۆگرامی نەتەوەیی هەبوو بۆ رزگاركردنی میللەتی كورد و هەوڵەكانیشی بۆ رزگار بوونی میللەتی كورد بە سێ قۆناغ دا تێپەربوو. كە قۆناغی یەكەم ئامادەكردنی جڤاتی بارزان بوو بۆ ئەو پرۆسەیە چونكە ئەگەر یەكێك ناوماڵی خۆی رێك نەخات ناتوانێت هەنگاوی گەورە هەڵگرێت. قۆناغی دوومیش دروستكردنی هێزێكی چەكداربوو بۆ هەنگاوێكی گەورەتر و ئەوەبوو لەو سەردەمەشدا دوو شەڕ لە نێوان هێزەكانی شێخ عەبدوسەلام و سوپای عوسمانی دا روویاندا. قۆناغی سێیەمیش ئەوەبوو كە سێخ عەبدسەلام دەیویست پەیامی خۆی بگەیەنێتە جیهان لەو سەردەمەدا داوای بینينی پاشای بریتانیای كردبوو بۆ قسەكردن لەسەر سەربەخۆیی كوردستان و لە هەمان كاتیشدا چووە رووسیا بۆ ئەوەی پەیامی گەلی كورد بگەیەنێتە رووسیا".
هونەرمەند شڤان پەروەر لە كۆتایی رێورەسمەکەدا گوتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: "رۆڵی دەوڵەتی عوسمانی رۆڵێكی فیوداڵی بوو و لەسەر باج دەژیا و كام میللەت باجی بدایە دەكەوتە ژێر ئیدارەی ئەوانەوە. عوسمانیيەكان كلتورێكی عەرەبی ، فارسی، كوردی و ئەورووپی تێكەڵ كردبوو و بەو شێوەیە بەرێوەی دەبردن".
لە پاش دەوڵەتی عوسمانیش هەر دەوڵەتێك لە ناوچەكە دروست بوو بەپێی بەرژوەندی دروست بوون و ئەورووپییەكان هەر شێخێكی عەرەبیان كردە خاوەنی دەوڵەتێك وەكو كوێت و ئیمارات و سعوودیە و چەندین وڵاتی دیكە. لە ناو كوردان شێخ عەبدسەلام بارزانی هەبوو كە لەگەڵ ئینگلیزەكان نەخشەی كوردستانی دروست كرد وبەهۆی پلانی خائینانەوە شێخ عەبدوسەلام بارزانی گیرا و درایە دەست ئینگلیز و عوسمانیيەكان و ئەوانیش لە موسڵ لە سێدارەیان دا".
شڤان پەروەر گوتیشی: "كوردەكان پاش ئەوە روویان كردە ئەوەی كە هەرێم بۆ خۆیان دروست بكەن وەكو شێخ سەعیدی پیران و شێخ رەزا و سمكۆی شكاك و قازی محەمەد نەمر و ئیحسان پاشا و پاش ئەوەش ئەوانیش دەستگیر كران و لە سێدارە دران. بەڵام لە ناوچەی بارزان ئەو جوڵەیە نەوەستا و بەردەوام بوو و بارزانی نەمریش قارەمانی خۆی بە هەموو دونیا ناساند ئەویش بە دادپەروەی و پێشمەرگایەتی و ئازایەتی خۆی و دەنگی خۆی گەیاندە هەموو جیهان و خەڵكی بە قارەمانی كوردان ناویان دەبرد".
سەبارەت بە رێككەوتنامەی سایكس پیكۆش شڤان پەروەر گوتی: "سایكس پیكۆ بووە هۆی پارچە پارچەكردنی كوردستان و ئێستاش 100 ساڵ بەسەر ئەو رێككەوتنامەیەدا تێپەری كە پڕ بوو لە ئێش و ئازار و خوێن".
شڤان پەروەر ئاماژەی بەوەشدا كە فارس هیچ هاوكارییەكی كوردی نەكردووە بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەت و هیچ كاتێكیش نەیان ویستووە و نایانەوێت كورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی و عەرەبیش هیچ كات برایەتی لەگەڵ ئێمە نەكردووە هەرچەندە ئێمە زۆر برایەتی ئەوانمان كرد".
شڤان پەروەر گوتیشی: "ئێستا لە باشووری كوردستان دەرفەتێك هەیە كە بە ماندووبوون و خەباتێكی زۆر بەدەستهاتووە و پێویستە لەسەر شانی هەموو كوردان كە ئەو دەستكەوتە بپارێزن. هەرچەند كەسانی گەندڵ و دز هەبن بەڵام ژێردەستی لە هەموو شتێك خراپترە. ئێمە دەتوانین رەخنە لە خۆمان بگرین و خزمەتی خۆشمان بكەین".
لە كۆتایی رێورەسمەكەشدا هونەرمەند شڤان پەروەر چەند سروود و گۆرانیەكی پێشكەشى ئامادەبووان كرد.