06 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2021
تۆکیۆ - AA
لە میانی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ ٢٠٢٠دا، نزیکەی ٤٥٠ ملیۆن پەلاماری ئەلیکترۆنی بۆسەر ماڵپەڕ و سیستمی تایبەت بە ئۆڵۆمپیاد رێگری لێکراوە.
لیژنەی رێکخستنی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ ٢٠٢٠، دەربارەی پەلامارە ئەلیکترۆنییەکان لە مانگەکانی تەمووز- ئەیلوولی ٢٠٢١دا، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە ٢٣ی تەمووزەوە کە ئۆڵۆمپیاد دەستی پێ کردووە تا پێنجی ئەیلوول کە کۆتایی هاتووە، نزیکەی ٤٥٠ ملیۆن پەلاماری ئەلیکترۆنی بۆسەر ماڵپەڕ و سیستمی تایبەت بە ئۆڵۆمپیاد ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی گیرابوونەبەر، تواندراوە رێگری لەم پەلامارانە بکرێت.
بەهەمان شێوە ناوەندی نیشتمانیی ژاپۆن بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی، ئەوەی ئاشکرا کرد کە وێڕای پەلامارە ئەلیکترۆنییەکان سیستمی تایبەت بە ئۆڵۆمپیاد هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە.
لە لایەکی دیکەشەوە ئاژانسی هەواڵیی "کیۆدۆ" لەسەر زاری کۆمپانیای "ترێند مایکرۆ" بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە پەلامارە ئەلیکترۆنییەکانی بۆسەر ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ ٢٠٢٠ بەراورد بە پەلامارە ئەلیکترۆنییەکانی ئۆڵۆمپیادی لەندەن ٢٠١٢ و ئۆڵۆمپیادی زستانەی پیۆنگچانگ ٢٠١٨ کەمتر بوون، چونکە لە ئۆڵۆمپیادی ٢٠١٢ی لەندەن نزیکەی ٢،٣ ملیار و لە ئۆڵۆمپیادی زستانەی پیۆنگچانگ ٢٠١٨ نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن پەلاماری ئەلیکترۆنی بۆسەر سیستمی ئۆڵۆمپیاد ئەنجامدراون.