Sangar Hamad Azeez
26 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2016
دوای ئەوەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی بە فەرمی بووە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی پلە یەکی وڵاتەکەی، یانەی یوڤانتوسی ئیتاڵی بووە دووەم یانە لە ئەورووپا کە بەر لە تەواو بوونی یارییەکانی خولی ئیتاڵیا، نازناوەکەی بۆخۆی مسۆگەر کرد.
لە خولی پلە یەكی فەڕەنسادا، دوای ئەوەی یانەی پاریس سانجێرمان لە هەفتەی ٣٤دا بە ئەنجامی ٦ گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی كان-ی بردەوە و بەر لە تەواوبوونی خولەكە بە چوار هەفتە، بە كۆكردنەوەی ٨٦ خاڵ توانی نازناوی ئەم وەرزە بۆخۆی مسۆگەر بكات و لە ئێستادا یانەكانی لیۆن، مۆناكۆ و نیس كێبەركێی بەدەست هێنانی بلیتی چامپیۆنز لیگ دەكەن.
بەهەمان شێوەش یانەی یوڤانتوسی ئیتاڵی دوای ئەوەی لە هەفتەی ٣٥دا لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی ٢-١ لە یانەی فیۆرەنتینای بردەوە بەر لە سێ هەفتە لە تەواو بوونی خولەكە بە فەرمی بووە پاڵەوانی سێری ئا.
هەرچی خولەكانی پرێمیەر لیگ (ئینگلیتەرا)، بۆندسلیگا (ئەڵمانیا) و لا لیگا (ئیسپانیا)یە تاوەكو ئێستا پاڵەوانی ئەو خولانە یەكلایی نەبوونەتەوە.
لە خولی پرێمیەر لیگ ئەمساڵ بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو یانەی لیستەر سیتی پێشەنگی خولەكەی گرتە دەست و لە ئێستادا بە كۆكردنەوەی ٧٦ خاڵ لە ٣٥ یاریدا پێشەنگی ریزبەندی گرتووە بە جیاوازی ٧ خاڵ لەگەڵ یانەی توتنهام دێت و پێویستی بە یەك بردنەوەی دیكە هەیە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوانی خولەكە.
لە خولی بۆندسلیگای ئەڵمانیاش، یانەی بایەرن میونخ بە كۆكردنەوەی ٨١ خاڵ لە ٣١ یاریدا لە پێشەنگی یانەكان دێت و بە بەدەست هێنانی ٣ خاڵ لە سێ یاری داهاتوودا خولەكە بۆ خۆی مسۆگەر دەكات.
بەڵام خولی لا لیگا جیاواز لە تەواوی خولەكانی دیكەی كیشوەری ئەورووپا تاوەكو ئێستا كێبەركێكان بەردەوامن و یانەكانی بەرشەلۆنە و ئەتلەتیكۆ مەدرید بە ٨٢ خاڵ بە جیاوازی گۆڵ لە پلەكانی یەكەم و دووەم دێن و یانەی ریال مەدریدیش بە ٨١ خاڵ لە پلەی سێیەم دێت، لا لیگا كە هێشتا ٣ یاری ماوە چاوەڕوان دەكرێت تا دوا ساتی خولەكە كێبەركێكان بەردەوام بن لەسەر بەدەست هێنانی نازناوەكە.