Mutlu Demirtaştan
09 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2023
ئیستانبوڵ - AA
سبەی لە یاری کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپادا کە تێیدا یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی و ئینتەرمیلان کە نوێنەرایەتیی ئیتاڵیا دەکات رووبەڕووی یەک دەبنەوە، پاڵەوانی ئەم وەرزە دیاری دەکرێت.
یارییەکە کاتژمێر ٢٢:٠٠ لە یاریگای ئۆڵۆمپیی ئەتاتورک دەست پێ دەکات.
ناوبژیوانی پۆڵەندی شیمۆن مارچینیاک یارییەکە بەڕێوە دەبات. پاوێل سۆکۆڵنیکی و تۆماس لیستکیڤیچ'یش وەک یاریدەدەری ناوبژیوان لە یاریگا ئامادە دەبن. ئیستڤان کۆڤاچی رۆمانیش دەبێتە چوارەم ناوبژیوانی یارییەکە.
یارییەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە کەناڵەکانی TV8 و EXXEN پەخش دەکرێت.
- لەکاتێکدا مانچستەر سیتی چاوی لەوەیە یەکەم نازناو ببباتەوە، ئینتەر میلان بەدوای نازناوی چوارەمدا دەگەڕێت
لە یاری کۆتاییدا مانچستەر سیتی هەوڵ دەدات بۆ یەکەمجار نازناوەکە بەدەست بهێنێت و ئینتەر میلان'یش دەیەوێت بۆ چوارەمین جار لە مێژووی خۆیدا جامەکە بباتەوە.
یانەی مانچستەر سیتی کە لە وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١ یەکەم یاری کۆتایی بەرامبەر چێڵسی ئەنجامدا، بە ئەنجامی ١-٠ دۆڕا.
ئینتەرمیلان لە وەرزی ١٩٦٣-١٩٦٤ بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە ریال مەدریدی بردەوە و لە وەرزی ١٩٦٤-١٩٦٥ بە ئەنجامی بە ئەنجامی ١-٠ لە بەنفیکای بردەوە، هەروەها لە وەرزی ٢٠٠٩-٢٠١٠ بە ئەنجامی ٢-٠ لە بایرن میونخی بردەوە و جامەکەی بەدەست هێنا. هاوکات یانە ئیتاڵییەکە لە وەرزی ١٩٦٦-١٩٦٧ بە ئەنجامی ٢-١ بەرامبەر بە سەڵتیک دۆڕا و لە وەرزی ١٩٧١-١٩٧٢دا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە یانەی ئەیاکس دۆڕا.
پێشبینی دەکرێت پێکهاتەی یاریزانان بۆ یارییەکەی سبەی شەو بەو شێوەیە بێت:
مانچستەر سیتی: ئیدەرسۆن، کایل واکەر، روبەن دیاس، ناتان ئاکی، جۆن ستۆنز، رۆدری، بێرناردۆ سیلڤا، کیڤن دی برۆین، ئیلکای گوندۆغان، جاک گریلیش، ئێرلینگ هالاند
ئینتەر میلان: ئەندرێ ئۆنانا، ماتیۆ دارمیان، فرانسیسکۆ ئاسێربی، ئەلیساندرۆ باستۆنی، دەنزێل دامفریس، نیکۆلۆ بارێلا، هاکان چاڵهانئۆغڵو، هەنریخ مخیتاریان، فەدریکۆ دیمارکۆ، لاوتارۆ مارتینێز، ئیدین زیکۆ
- 72 هەزار هاندەر
یەکێتیی تۆپی پێیی ئەورووپا رایگەیاند کە نزیکەی ٧٢ هەزار هاندەر لە یاری کۆتاییدا لە یاریگای ئۆڵۆمپیی ئەتاتورک ئامادە دەبن.
لە یاریگاکەدا شوێنی تایبەت بۆ سپۆنسەر و خاوەن بلیتی VIP ئامادە کراوە.
هاندەرانی ئینتەرمیلان لە بەشی باکووری یاریگاکە دەبن و هاندەرانی مانچستەر سیتی لە بەشی باشووری یاریگاکەدا ئامادە دەبن.
هاوکات ٤٤٧ خۆبەخش کە بۆ یاری کۆتایی دەستنیشان کراون، هاوکاریی هاندەران دەکەن.