Sangar Hamad Azeez
09 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2016
یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بە نرخێکی پێوانەیی یاریزانی هێڵی ناوەراستی یانەی یوڤێنتوس و هەڵبژاردەی فەڕەنسا پۆڵ پۆگبای هێنایە ریزەکانیەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی لەسەر ماڵپەری خۆی بڵاوی کردەوە "گرێبەستێکیان لەگەڵ پۆڵ پۆگبای تەمەن ٢٣ ساڵ و یاریزانی هێلی ناوەڕاستی یانەی یوڤێنتوس واژوو کردووە".
بە گوێرەی روونکردنەوەکە گرێبەستەکە ٥+١ساڵ دەبێت و بەبڕی ١٠٥ ملیۆن یۆرۆ بە مووچەیەکی هەفتانە کە بڕەکەی دەگاتە ٢٢٠ هەزار پاوەند.
جێگەی ئاماژەیە یاریزان پۆڵ پۆگبا بە ئەنجامدانی ئەو گرێبەستە بوو بە گرانبەهاترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا.
لە ساڵی ٢٠٠٩دا یاریزان کرستیانۆ رۆناڵدۆ، بە بڕی ٩٤ ملیۆن یۆرۆ لە مانچستەر یوناتیدەوە رووی کردە ریزی یانەی ریال مەدرید بوو بە گرانبەهاترین یاریزانی مێژوو کە پێش ئەو زیندەین زیدان بوو کاتێک لە یوڤێنتوسەوە بە بڕی ٦٤ ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە کردبوو.
دواتر لە ساڵی ٢٠١٣دا گاریس بەیلی وێلزی لە ریزی یانەی تۆتنهامی ئینگلیزیەوە بە بڕی ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ رووی کردە یانەی ریال مەدرید و بووە گرانبەهاترین یاریزان لە مێژوو.
پۆڵ پۆگبا وەرزی رابردوو، ٤٩ یاری لەگەڵ خانمە پیرەکە ئەنجام دا و توانی ١٠ گۆڵ تۆمار بکات و ١٢ گۆڵیش دروست بکات.
ئەو یاریزانە کە پێشووتر لە ریزی شەیتانە سوورەکان بوو تەنیا ٦٨ خولەک یاری کرد و بەهۆی متمانە پێ نەکردنی لەلایەن راهێنەری پێشوتری مان یو، سێر ئەلێکس فێرگەسۆن چوار ساڵ بەر لە ئێستا بە خۆڕایی رووی کردە ریزی یوڤێنتوس و دوێنێش گەڕایەوە ریزی یانە کۆنەکەی بەڵام ئەمجارە بە بڕی ١٠٥ ملیۆن یۆڕۆ.