ئەمڕۆ سێشەممە لە ھەولێر منداڵانی قوتابخانەی ئاوات، کە نەخۆشی کۆنیشانی داون (مەغۆل)یان ھەیە و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەرپەرشی قوتابخانەکە دەکات، چالاکییەکی تایبەتیان بۆ ڕێکخرا.
ئەم چالاکییە کە ڕێکخراوی ماپڵ تری ۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری ژینگەیی ڕێکی خستبوو، لە چوارچێوەی ھەوڵەکان بوو بۆ پشتگیریی لە منداڵان و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریی تەندروستییان و بەشداربووان بە شێوەیەکی چالاک لە یاری و پێشبڕکێیەکەدا بەشداربوون و دواتر دیاریی یارییەکەیان پێ بەخشرا.
چالاکییەکە بریتی بوو لە ڕێکخستنی یارییەکی تۆپی پێ، کە ئامانجی سەرەکیی لێی گرنگییدان بوو بەم توێژە و ھەوڵدان بۆ باشترکردنی تەندروستیی جەستەیی و دەروونییان. بەھۆی خواردنێکی زۆر و کەمبوونی جووڵە، زۆربەی ئەم منداڵانە ڕووبەڕووی کێشەی تەندروستی دەبنەوە، بۆیە ئەم جۆرە چالاکیانە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە گۆڕینی ئەم دۆخە و دروستکردنی شێوازی ژیانی تەندروستدا ببینن.
سەرۆکی ڕێکخراوی ماپڵ تری بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری ژینگەیی، ھەکار محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ چالاکییەکمان بۆ منداڵانی قوتابخانەی ئاوات کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە ڕێکخستووە و چالاکییەکە وەرزشییە و دەمانەوێت ھانیان بدەین بۆ وەرزشکردن چونکە ئەوانە کەمتر جووڵەیان ھەیە و زیاتر خواردن دەخۆن و کێشەی تەندروستیان بۆ دروست دەبێت لە ھەمانکاتدا پەیامێکە کە ئەوانە ھەرچەندە توانای بیرکردنەوەیان وەک مرۆڤی ئاسایی نیە و جیاوازە بەڵام لە کۆتاییدا ھەموویان ھەر مرۆڤن و ئەگەر گرنگییان پێ بدرێت بە دڵنیاییەوە کەسانی بە توانایان لێ دروست دەبێت".
کۆنشانی داون یەکێکە لە نەخۆشییە دیارەکان کە تووشی ھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ دەبێت و ئەمەش لەکانی تەمەنی کۆرپەیی لە سکی دایکدا تووشی کۆرپەکە دەبێت و دوای لەدایکبوونیش ھەر توشبوویەکی کۆنیشانی داون نیشانەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە.
بە گشتی ئەوانەی تووشبوونی کۆنیشانی داونن، دەموچاوێکی تەخت و سەرێکی بچووکیان ھەیە، ھەروەھا زحر درەنگ فێری قسەکردن دەبن و ناتوانن وشەکان بە ڕوونیی دەرببڕن، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆریان کورتەباڵان و پەڵەی سپی لەسەر پێستیان ھەیە.