هه‌ولێر
ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوار شەممە ١١ی کانوونی یەکەم راپۆرتی دەستەکە له‌باره‌ی ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ بڵاو كرده‌وه.
وا بڕیاره له مه‌ودوا، ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ سێ مانگ جارێک راپۆرت له‌باره‌ی مافه‌كانی مرۆڤ بڵاو بكاته‌وه.
زیا پترۆس و تاڤگه عومه‌ر، بەرپرسانی ئەو دەستەیە له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی دا، راپۆرتەکەیان خسته‌ڕوو. له راپۆرته‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ره‌وشی راگیراوان و حوكمدراوان، ئافره‌تان و منداڵان، كاری رۆژنامه‌وانی و ته‌ندروستی هاووڵاتیان، كرێكاران و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌كان، هەروەها په‌نابه‌ران کراوەتەو.
زیا پترۆس سه‌رۆكی ده‌سته‌كه ئاماژەی بەوەدا به‌پێی راپۆرتەکەیان، به‌گشتی ره‌وشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان باش نییه ده‌بێ كاربكرێ بۆ باشتركردنی.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو له‌باره‌ی جێبه‌جێ كردنی سزای له سێداره‌دان له هه‌رێمی کوردستانی کرد لە سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، له‌وه‌ڵامدا گوتی: "له‌گه‌ڵ سزای له‌سێداره‌دان دا نیم، ئه‌گه‌ر به‌راوردی ئه‌و وڵاتانه بكه‌ین كه سزای له‌سێداره جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ش جێبه‌جێی ناكه‌ن، ئه‌وا تاوان له‌و وڵاتانه زیاتره كه له‌سێداره‌دان هه‌یه."
له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌كانی رۆژی 29ی ئەیلولی ئه‌مساڵ دەستگیر کراون، تاڤگه عومه‌ر به‌رێوه‌به‌ری گشتی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئاگاداری كه‌یسی ئه‌و كه‌سانه‌ین و له‌نزیكه‌وه چاودێریمان كردوون. له‌گه‌ڵ له سێداره‌دانی ئه‌وانه‌دا نین، به‌ڵام وه‌كو ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ پێش بڕیاری دادگا ناكه‌وین."
له‌و راپۆرته‌دا کە 23 لاپه‌ڕه‌یە، ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ به‌وردی باس له ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ دەكا. به‌ژماره باس له بوونی 183 حوكمدراو ده‌كا له گرتووخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان کە ساڵانێكه سزای له‌سێداره‌دانیان بۆ دهروچوه، به‌ڵام سزاكه‌یان جێبه‌جێ نه‌كراوه.
هه‌روه‌ها لە راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، له بنكەکانی گرتن و گواستنه‌وه له هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی، 10588 كه‌س راگیراون. له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی به‌ندیخانه‌كانی ئاسایشی پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك 4022 راگیرا‌و هه‌ن، ژماره‌ی راگیراوانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش له هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك 1469 كه‌سه.
به‌پێی هه‌مان راپۆرت یه‌كێ له داواكاریی به‌ندكراوان لهبنكەکانی ئاسایش، لێپرسینەوەیانە تا چیتر چاوەڕوان نەمێننەوە. هه‌یانه ماوه‌ی سێ ساڵه له چاوه‌ڕوانی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی دۆسێکەیدایە. ئه‌مه‌ش بارودۆخێكی ده‌روونی خراپی بە دوادا هاتووە.
زیا پترۆس سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی چه‌ند راسپارده‌یه‌كی خسته‌ڕوو بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەوانە:
١- هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماره 4ی ساڵی 2010ی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ. به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی پاریس بگونجێ.
٢- په‌له بكرێ له ده‌ركردنی یاسای ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان.
٣- په‌له‌بكرێ له ده‌ركردنی یاسای مافی منداڵ له هه‌رێمی كوردستان.
٤- گۆڕانكاریی له سزای لە سێداره‌دان بۆ زیندانی هەتا هەتایی.
٥- په‌له بكرێ له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای داواكاری گشتی له هه‌رێمی كوردستان، داواكاری گشتی له زۆر شت كه‌مته‌رخه‌مه له چاكسازیی و گرتووخانه‌كان و داموده‌زگاکان نوێنه‌ریان نییه.
٦- هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان.
له‌باره‌ی راسپارده‌كان بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ 13 راسپاردەیخستۆتەڕوو:
١- ناردنی هه‌موو رێسا‌و رێنماییه كارپێكراوه‌كان بۆ ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ.
٢- ده‌ركردنی رێنمایی تایبه‌ت بۆ شهڵـتهری ئافره‌تان و كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی زیاتری پاراستنی ئافره‌تان له هه‌موو كوردستان.
٣- كاركردن به سیستمی بیمه‌ی ته‌ندروستی و گرنگیدانی زیاتر به كه‌رتی ته‌ندروستی.
٤- گرینگی‌دان به‌ره‌وشی ته‌ندوستیی به‌ندكراوان و دابینکردنی پزیشكی پسپۆڕ له‌و جێیانه‌ی به‌ندكراوی تێدایه.
٥- له‌كاتی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبار به‌بڕیاری دادگا پێویسته بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ له به‌رچاو بگیرێ.
٦- بایه‌خدان به‌هۆشیاری یاسایی و بایه‌خدان به پرسی هۆشیاریی گه‌نجان له خراپی ماده‌ی هۆشبه‌ر.
٧- گۆڕینی سیستمی مه‌رکه‌زی دارایی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ، له مه‌رکه‌زی دارایی بۆ لامه‌ركه‌زی.
٨- گرینگی‌دان به‌ره‌وشی په‌نابه‌ران، به‌تایبه‌تی په‌نابه‌رانی سوری.
٩- ده‌رچواندنی رێنمایی تایبه‌ت بۆ كاراكردنی ئه‌و یاسایانه‌ی ده‌رچوون.
١٠- بایه‌خدان به رێنمایی مرۆیی له ناو چاكسازییه‌كان.
١١- كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری تایبه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه‌سانی ئالوده‌بوو به‌ماده‌ی هۆشبه‌ر.
١٢- كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت بۆ چاره‌سه‌ری ده‌روونی له‌هه‌موو پارێزگاكان.
١٣- چاكکردن و دڵنیابوون له سه‌لامه‌تی تۆڕی كاره‌بای ناو ژووره‌كانی به‌ندكراوان و بنكه‌كانی گرتن و گواستنه‌وه و چاكسازییه‌كان.
راسپارده بۆ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری:
١- لیژنه‌یه‌كی باڵای دادوه‌ری هه‌بێ ساڵانه بنكه‌كانی چاكسازیی به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه.
٢- هه‌وڵبدرێ یان ئاسانكاریی بكرێ له كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ندكراوه راگیراوه‌كان كه‌ژماره‌یان زۆره، تا ئێستا به‌ڕاگیراوی ماونه‌ته‌وه.
٣- زیادكردنی ژماره‌ی دادوه‌ر به‌مه‌به‌ستی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كان له‌ماوه‌ی یاسایی خۆیاندا.
٤- دانانی دادوه‌ر و داواكاری گشتی به‌پێی یاسا و پێوه‌ره ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.