Heman Husseın Yaseen
17 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2020
هەولێر - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد عەبدولرەحمان رایگەیاند کە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بە دەست گەیتشووە بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست بە ھەمیشەیی، جەختیشی لەوەکردەوە کە ھەرکاتێک وەزارەتی پەروەردە دۆسیە و بەڵگەنامەکانیان رەوانەی وەزارەتی دارایی کرد، ئەوا ئەو مامۆستایانە دەکرێنە ھەمیشەیی.
ئەحمەد عەبدولرەحمان گوتی: "دوێنێ نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست گەیشتە وەزارەتی دارایی. لە نووسراوەکە وەزارەتی دارایی راسپێردراوە بۆ داواکردنی بەڵگەنامە یاساییەکان و پێداویستییەکانی مامۆستایان بۆ دامەزراندنیان بە هەمیشەیی".
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد عەبدولرەحمان راشیگەیاند کە ئەمڕۆ نووسراویان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کردووە و گوتیشی: "ھەر ئەمڕۆ نووسراومان بۆ وەزارەتی پەروەردە کردووە بۆ ئەوەی بەڵگەنامەی پێویست تایبەت بە دامەزراندنی ئەو مامۆستایانە رەوانەی وەزارەتی دارایی بکەن و هەر کاتێک بەڵگەنامەکان گەیشتن ئەوا ئێمە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆسەی دامەزراندن دەکەین".
ناوبراو ئەوەیشی خستەڕوو کە زیاتر لە پێنج ھەزار مامۆستا لەم پڕۆسەیە سوودمەند دەبن و لەماوەیەکی کەمدا پڕۆسەکە جێبەجێ دەکرێت.