Azad Mohammed Abdullah
21 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2019
دهۆک - AA
بە چاودێری و ئامادەبوونی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئەمڕۆ شەممە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٩، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری دھۆک زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ لێدرا.

لە مەراسیمێکدا کە وەزیری پەروەردە ئالان حەمە سەعیدی ئامادەی بوو، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگی پەروەردە و فێرکردن دا و راشیگەیاند کە گرنگیدانی زیاتر بە پەروەردە و فێرکردن لە کارە ھەرە لە پێشینەکانی حکوومەتە بۆ بیناکردنی کۆمەڵگایەکی وشیار و خوێندەوار. ھەروەھا گوتی "ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن لە قوتابخانەکانمان بەتایبەت لە قوتابخانە حکوومییەکان، کە لەگەڵ پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژییەکانی سەردەم بگونجێت".
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە بۆ چارەسەری کێشەی دوو دەوامی، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ٣٥٠٠٠ پۆلی خوێندن ھەیە و داواشی لە سەرمایەدار و وەبەرھێنەران کردکە بە ئەرکی نیشتمانی خۆیان ھەڵبستن و بەشداری لە ھەڵمەتی نیشتمانی بکەن بۆ دابینکردنی شوێنی شایستە بۆ خوێندنی قوتابیان.
مەسرور بارزانی سوپاسی مامۆستا و فەرمانبەرانی بواری خوێندنی کرد، کە لەکاتە ناخۆش و سەختەکان خۆراگرانە بەردەوامیان بە پرۆسەی خوێندن دا بەتایبەت لە کاتی ھێرشی داعش بۆسەر ھەرێمی کوردستان و قەیرانی دارایی و گوتیشی "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ باشترکردنی ژیانی مامۆستایان".
دواتر سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چووە ناو پۆلەکانی خوێندنی قوتابخانەکە و گفتوگۆیەکی لەگەل قوتابیان کرد و رێنمایی کردن کە وڵاتیان زیاتر خۆشبوێت و رێز لە جیاوازییە نەتەوەیی و ئاینییەکان بگرن و بەرامبەرەکەیان قبوڵ بکەن و بەشداربن لە پاراستنی ژینگەی وڵات.