بەغدا
سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتیی پۆلیسی بەغدا لە لێدوانێکدا بۆ AA رایگەیاند: "بەھۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک بەنزینخانەیەکی قەزای مەحمودییە لە باشووری بەغدا، چوار کەس کوژران و ھەشتی دیکەش برینداربوون."
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی ناوەڕاستی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراقەوە دەست ئاژانسی AA کەوتوون، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری کوتی سەنتەری پارێزگای واست لە باشووری عێراق، پێنج کەس کوژران و ٢١ی دیکەش برینداربوون.
ھەر ئەمڕۆ لە قەزای سوێرە لە باکووری پارێزگای کوت و لەسەر رێگەی سەرکەی کە کوت و بەغدا بەیەکەوە دەبەشتێتەوە؛ لە ئەنجامی تەقینەوەی دوو ئۆتۆمبێلی مینرێژکراو، پێنج کەس کوژران و ١٦ی دیکەش برینداربوون.
تەقینەوەی دوو پایسکیلی بۆمبڕێژکراویش لە شاری سەماوە سەنتەری پارێزگای موسەنا لە باشووری عێراق کە لەژێر پردی رومێسەی سەر بە قەزای رومێسە دانرابوون، بووە ھۆی کوشتنی سێ کەس و برینداربوونی چواری دیکە.
لە پارێزگای بەسراش لە باشووری عێراق دوو کەس کوژران و ١٣ی دیکەش برینداربوون کاتێک دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە شەقامێکی بازرگانی لە سەنتەری پارێزگاکە تەقینەوە ئەمە جگە لە دروستکردنی پشێوی و ترسێکی زۆر لەنێو ئەو ھاوڵاتییانەی بەمەبستی دابینکردنی پێدوایستی بۆ جەژنی قوربان سەردانی بازاڕیان کردبوو.
ھەر ئەمڕۆ لە ئەنجامی تەقینەوەی دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فەرمانگەی کارەبای دەروازەی حوسێن لەناوەڕاستی شاری حلەی باشووری پارێزگای بابل، شەش کەس کوژران ١٦ی دیکەش برینداربوون.
ئەمەو لە شاری دیوانییەی پارێزگای قادسییە لە ناوەڕاستی عێراق دوو کەس گیانیان لەدەستدا و ١١ی دیکەش برینداربوون کاتێک دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لەیەک کاتدا کە یەکێکیان لەناوچەی ئیسکانی نزیک لە ئامادەیی پیشەیی شارەکە و ئەوی دیکەش لە گۆڕەپانی عەبدولکەریم قاسم تەقینەوە.
بەھۆی ئەو تەقینەوانەی ئەمڕۆ کە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی روویاندا، لە دەروازەی ھاتن وچوونی سەرجەم ئەو پارێزگایانە رێ وشوێنە ئەمنییەکان توندترکران.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنیش لە پۆلیسی بەغدا ھێزە ئەمنییەکان رێ وشوێنەکانیان لەنێو شارەکە توندترکردووەتەوە پاش گەیشتنی چەند زانیارییەک لەسەر ھاتنەناوەوەی چەند خۆکوژ و ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو.