Abdullah Söylemez
04 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2021
ئاگری- AA
شاری ئاگری یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی تورکیا بۆ بەخێوکردنی مەڕوماڵات.
لە گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی بایەزید، مەڕدارەکان چاوەڕێی توانەوەی بەفری سەر چیاکان دەکەن تا بتوانن ماڵاتەکانیان بۆ لەوەڕاندن ببەنە ناوچە بەرزەکان.
لە لایەکی دیکەشەوە لەدایکبوونی بەرخەکان، بووەتە جێگای دڵخۆشی مەڕدارەکان و دەنگی بەرخە تازەلەدایکبووەکان بە "مژدەدەری بەهار" ناودەبەن.
مەڕدارەکان ناوبەناو بەرخەکان لە دایکەکانیان جیا دەکەنەوە تا بتوانن خۆیان فێری لەوەڕ و ئاو خواردنەوە ببن.
کاتێک بەرخەکان دەبەنەوە بۆلای دایکیان، مەڕ و بەرخەکان بە بۆن و دەنگی باعەیاندا یەکتری دەناسنەوە، رۆژانە دووجار بەرخەکان بۆ شیرخواردن دەبرێنە لای دایکیان و دواتر لە یەک جیا دەکرێنەوە.
مەهمەت دەمیرباش، مەڕدارێکی ناوچەکەیە و لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە مەڕداری کارێکی سەختە و رایگەیاند: "لە منداڵییەوە تا ئێستا، کاری مەڕداری دەکەم. بەرخەکانمان لەدایکبوون و لە ئێستادا تەمەنیان بووەتە سێ مانگ. کاتی چوونە لەوەڕگا نزیکبووەتەوە و دواتر مەڕەکانمان دەبەینە کوێستانەکان. زۆر دڵخۆشین بە لەدایکبوونی بەرخەکان چونکە ئەوان ئومێدی ئێمەن و لە هەمان کاتدا سەرچاوەی داهاتیشمانن".
سدیق دەمیرباش، مەڕدارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات کە لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ چوونە کوێستان دەکەن و گوتی: "لە هاویندا ماڵاتەکانمان لە کوێستانەکان دەلەوەڕێنین. لە پایزدا دەگەڕێینەوە گوندەکانمان و ماڵاتەکانمان بە ئالیک و گزرە بەخێودەکەین. لە زستانیشدا بەباشی ئاگاداری ئاژەڵەکانمان دەبین".