Fakhradin Ibrahim Mohammad
23 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2021
ھەولێر - AA
ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی لە ھەرێمی کوردستان راگەیەندرا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئالان حمەسەعید، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی راگەیاند.
زیاتر لە ١٢٤ ھەزار قوتابی لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکان کردبوو.
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەرەتای کۆنگرەکەدا سوپاسی خۆی ئاراستەی ھەموو ئەو لایەنانە کرد کە لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی تاقیکردنەوەکاندا بەشداربوون و راشیگەیاند، بۆ باشتر بەرێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، حەوت وەزارەتی حکوومەتی ھەرێم لە ھەماھەنگی تەواودا بوون.
ئالان حەمە سەعید دواتر بە وردی زانیارییەکان لەبارەی تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی روون کردەوە.
بە پێی قسەکانی وەزیری پەروەردە، رێژەی دەرچوون لە خولی یەکەمی ساڵی خوێندنی ٢٠٢١ - ٢٠٢٠، بەو شێوەیە بووە:
ژمارەی ئەو قوتابیانەی لە بەشی زانستیدا مافی بەشداربوونیان ھەبووە، ٧٤ ھەزار و ٨٧٢ کەس بووە. لە بەشی وێژەیی ٤٨ ھەزار ٣٢ کەس. لە خوێندنی پیشەیی سێ ھەزار و ٦٦٢ کەس و خوێندنی ئیسلامیش ٢٨١ کەس بووە و بە گشتی ١٢٦ ھەزارو ٨٤٧ کەس ئەو مافەیان پێدراوە کە بە گشتی دوو ھەزار و ٢٥٤ کەس بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکاندا نەکردووە.
بە پێی قسەکانی وەزیری پەروەردەی ھەرێمی کوردستان لە بەشی زانستی، لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ١٨ قوتابی یەکەم بوون بە ھێنانی نمرەی ١٠٠ و ٤٤ قوتابی دووھەم و یەک قوتابیش سێیەم بووە.
لە بەشی وێژەیی یەک قوتابی یەکەم، دوو قوتابی دووھەم، دوو قوتابی سێیەم. لە بەشی پیشەیی پێنج قوتابی یەکەم، چوار قوتابی دووھەم و پێنج قوتابی پلەی سێیەمیان بە دەست ھێناوە و ھەروەھا لە بەشی خوێندنی ئیسلامیش یەک کەس یەکەم و یەک کەس دووھەم و یەک کەس سێیەم بوون.
راشیگەیاند، کە رێژەی دەرچوون لە بەشی زانستی ٣٢.٨٨ و لە وێژەیی ١٩.٠٩ و پیشەیی ١٨ لەسەدا و ھەروەھا ٤٣ لەسەدی قوتابیانی خوێندنی ئیسلامیش لە خولی یەکەمدا دەرچوون.