Aram Huseyin
08 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2016
دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 7/3/2016 ئەلبێرت مارتن ئورتیگا باڵیۆزی نوێی ڤاتیكان لە عێراق سەردانی پارێزگای دهۆكی كرد و لەلایەن فەرهاد ئەمین پارێزگاری دهۆك پێشوازی لێ كرا و لە کۆبوونەوەکەیاندا باس لە بارودۆخی ئێستای ناوچەكە بەگشتیی و بارودۆخی ئاوارەكانی پارێزگای دهۆك، بەتایبەتی كرا.
لە كونگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق ئەلبێرت مارتن ئورتیگا رایگەیاند: "مەبەست لە سەردانمان بو دهۆك ئەوە بوو، ئاگەداری رەوشی ئاوارەكان بین چونكە دەزانین ئەوانەی كە هاتوون هەموو شتی خۆیان بە جێ هێشتووە و ئەوان پێویستیان بە هەموو جۆرە هاوكارییەكە و ئاگاداریشین كە ئەوەی پێویست بوو لە كاتی هاتنیان هاووڵاتییان و حكوومەتی هەرێم درێغییان نەکردووە و بە باشترین شێوە پێشوازییان لێ كراوە و پێداویستییەكانی ژیانیان بۆ دابین كرابوو. دواتریش زۆر شوێن هاوكاری بۆ ناردوون و هەر لە سەرەتاوە كەنیسەیی كاتولیك بە هەموو شێوەیەك لە هەوڵدایە بۆ پەیداكردنی هاوكاری ئەو ئاوارانە نەك تەنیا ئەوانەی كە كریستیانن بەڵكو ئەو ئاوارانەی كە هەڵگری ئایین و نەتەوەی تریشن بەبێ جیاوازیی. ئەمەش جێگەی خوشحاڵی خۆمانە كە دەبینن ئەم پێكەوە ژیانە لێرە هەیە بۆیە بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم پێكەوە ژیانە رادەگەیەنین و هیواخوازین كە هەموویان بە زووترین كات و بەشێوەیەكی باشتر لە جاران بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
هەروەها لەم کۆنگرە رۆژنامەنووسییەدا پارێزگاری دهۆك فەرهاد ئەمین رایگەیاند: "ئێمە بە خێرهاتن و پیرۆزبایی لە جەنابی باڵیۆز دەكەین بۆ وەرگرتنی پوستە نوێكەی و ئێمە سوپاسی وڵاتی ڤاتیكان و ئەو رێكخراوانەی كە سەر بەو وڵاتەن كە هەر لە سەرتایی هاتنی ئاوارەكانەوە هەتا ئێستا بەردەوامن لە ناردنی هاوكاری جۆراوجۆر و داوا دەكەین كە بەردەوام بن لەسەر هاوكارییەكانیان".
ئەلبێرت مارتن ئورتیگا باڵیۆزی نوێی ڤاتیكان لە عێراقە وهەروەها نوێنەری تایبەتی پاپا فڕانسیسە لە عیراق و ئوردن.